سەدان هەزار دانیشتووی یابان بەهۆی زریانەوە کارەبایان دەبڕێت

بەهۆی زریانێکی بەهێز لە یابان سەدان هەزار ماڵ بێ کارەبا بوون و ١١ کەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵی میدیاکان، سەدان هەزار دانیشتووی باشووری یابان بێ کارەبا بوون، بەهۆی زریانێک بە بای بەهێز و بارانێکی بەخوڕ، بەهۆیەوە ١١ کەس لە ئۆکیناوا بە سوکی بریندار بوون و هاووڵاتییەکی ٧٠ ساڵانیش گیانی لەدەستدا.

 

سەدان گەشتی ئاسمانی بۆ ئۆکیناوا و دوورگەکانی دیکەی ناوچەکە هەڵوەشایەوە، بەهۆی گیرخواردنی هەزاران گەشتیار کە لە هاوینەهەواری کەنار دەریا گەرمەکاندا پشوو دەدەن.

 

زریانی "خانۆن" کە دەزگای کەشناسی یابان بە "زۆر بەهێز" وەسفی کردووە، بای ١٨٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لەگەڵیدا بووە، گەردەلوولەکە لە کاتژمێر ٢٣:٠٠ "بە کاتی ناوەندی ئەمریکا" لە دووری ٧٠ کیلۆمەتر لە باشووری دوورگەی کومێجیما لە ئۆکیناوا و بەرەو ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوا ڕۆشتووە، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بە ڕۆژهەڵاتی چیندا تێپەڕێت.

 

کۆمپانیای کارەبای ئۆکیناوا ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ کارەبا لە ٢٢٠ هەزار و ٥٨٠ ماڵەوە پچڕاوە، کە دەکاتە نزیکەی ٪٣٥ کۆی ماڵەکانی ناوچەکە.

 

هۆشدارییەک بۆ دانیشتوانی ئۆکیناوا و بەشی باشووری ناوچەی کاگۆشیما دەرچووە، بەپێی ئامارەکانی دەزگای بەڕێوەبردنی ئاگر و کارەسات، دەسەڵاتداران داوایان لە زیاتر لە ٦٩٠ هەزار کەس کردووە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بچنە شوێنێکی سەلامەت.

 

بەهۆی زریانە بەهێزەکەی وڵاتی یابانەوە ئەمڕۆ زیاتر لە ٤٠٠ گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاوەتەوە و کاریگەری لەسەر زیاتر لە ٦٥ هەزار سەرنشین هەبووە، ئەمەش درێژەی کارەساتە ژینگەییەکانە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانییەوە ڕووبەڕووی وڵاتانی جیهان دەبێتەوە.