ڕژێمی ئێران لە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکاندایە
پلانەکانی ڕژێمی ئێران بۆ گۆڕیی دیمۆگرافیای نەغەدە بە ناچارکردنی کوردەکان بۆ جێهێشتنی خاکەکەیان مێژوویەکی دێرینی هەیە، پێدەچێت ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی ئەو شارە بیانوویەکی دیکەی بێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لەسەر کوردان.
لارا گەوهەری
نەغەدە- لە سەدەی پازدە تا نۆزدەهەم موکریان بە یەکێک لە بەهێزترین میرنشینە کوردییەکان لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ دادەنرا، شارەکانی نەغەدە، میاندوئاب و مەراغە لە گرینگترین شارەکانی موکریان بوون، دوای شەڕی قەڵای دمدم، کۆمەڵکوژی موکریانەکان و پاشان کۆچی زۆرەملێی سەدان کورد لە ناوچەی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ بۆ خۆراسان بووە هۆی گۆڕانکاری دیمۆگرافیای ناوچەکان.
بەپێی کتێبە مێژووییەکان لە سەردەمی سەفەویدا ژمارەی بنەماڵەی موکریانەکان ١٢ هەزار کەس بووە و ئەگەر بۆ هەر بنەماڵەیەک ٧ کەس لەبەرچاو بگیرێت دانیشتوانی موکریانەکان نزیکەی ٨٠ هەزار کەس بووە.
نەغەدە یەکێک لە شارەکانی باشووری پارێزگای ورمێ و بەشێکی گرنگی ناوچەی موکریانە کە لە دوو شاری نەغەدە "ناوەندی شار" و شاری تازە دامەزراوی محەممەدیار لەگەڵ ٩٥ گوند پێکهاتووە، لەو ژمارەیەش کورد زۆربەی گوندەکان و نیوەی دانیشتوانی شارەکان پێکدەهێنن، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی نوسینەکانی هێنری ڕاولینسۆن لە ساڵی ١٨٣٨ی ئێرانی، سندوز پارێزگایەکی گەورەیە و ناوەندەکەی لەسەر نەغەدەیە.
لە سەردەمی هاوچەرخدا کەشوهەوای ئەم شارە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە تێکچووە، لە دوای شەڕی نەغەدە و کۆمەڵکوژی خوێناوی گوندەکانی قارنا و قەلاتان لە ساڵی ١٩٧٩ زاینی، حکومەت هەوڵدەدات کوردەکان بەتەواوی لەم هەرێمە دووربخاتەوە و سروشتی تەواوەتی ئەم شارە بگۆڕێت.
لە ئەنجامی پڕۆژەکانی حکومەتەوە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای نەغەدە، کڕینی زەوی و خانوو بە نرخی زیاتر لە کوردەکان، جیاکردنەوەی گەڕەک و بازاڕ و شەقامەکان، بەشێکە لە سیاستەکانی ڕژێمی ئێران بۆ دوورخستنەوەی کوردەکان.
سیاسەتێکی نوێی ڕژێمی ئێران بە بیانووی ئاگرکەوتنەوە
شەوی یەکشەممە، "بازاڕی ئەمین و هیدایەت" لە شاری نەغەدە کە زۆربەی کوردانی ئەم شارە بازرگانی تێدا دەکەن، ئاگری گرت، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ١٢٣ دوکان بە تەواوی سووتاون، نزیکەی ٢٠ کەس لە کاتی ڕزگارکردنەکەدا بریندار بوون، لەم بازاڕانەدا هەموو جۆرە کەلوپەلێکی وەک کەرەستەی ناوماڵ، جلوبەرگ، کەرەستەی جوانکاری و کەرەستەی پاکوخاوێنی فرۆشراون، زیانەکانی ئەم ئاگرە بە زیاتر لە ١٠٠ ملیار تومان مەزەندە دەکرێت.
تا ئێستا هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوە نەزانراوە، بەڵام بە وتەی قایمقام و بەرپرسانی ئەم شارە هۆکاری سەرەکی پەیوەندی کارەبایە، لەگەڵ ئەوەشدا گومانی زۆر لەسەر ئەم ڕووداوە هەیە، حکومەت بە گشتی بە پەراوێزخستنێکی زۆرەوە سەرنج و ڕای گشتی لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە لادا.
زۆربەی ئەم بازاڕە لە بازرگانانی کورد پێکهاتووە کە لە سەردەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" دا پەیوەندییان بە مانگرتنە سەرتاسەرییەکانەوە کردبوو و ژمارەیەکی زۆریان داخران و ناچار بوون غەرامە بدەن، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا چەندین ناڕەزایەتی لە نەغەدە لەگەڵ کۆمپانیای کورد و تورکەکانی ئەم شارە بەڕێوەچوو، هەندێک لە بازاڕەکان بۆ چەند ڕۆژێک داخران، بەڵام کەشوهەوای سەروو ئەمنی ئەم شارە بووە هۆی سەرکوتکردنی خێرای خەڵک و لە ئەنجامدا بازرگانەکانیش بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کران، زۆرێک لە یەکەکانی بازرگانی بۆ چەند ڕۆژێک مۆر کران و دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە و وەرگرتنی غەرامە ڕێگەیان پێدرا دەست بە کارکردن بکەنەوە.
مونیرە.ک، کچی یەکێک لە دوکاندارەکانی بازاڕی ئەمین دەڵێت: " لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دوکانەکەی باوکم بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مۆر کرا، پاشان بە پێدانی غەرامە ڕێگەی پێدرا دوکانەکەی بکاتەوە، دوای شەڕ کورد و تورک لە زۆر شت لەیەکتر جیاکرانەوە و تەنانەت ئێستا بازاڕی جیاوازیان هەیە، بەڵام هەوڵی حکومەت ئەوەیە کورد و تورک لە زۆربەی ناوچەکان جیابکاتەوە و کورد لە چەندین ئاسانکاری یان لە گەڕەک و بازاڕەکان بێبەش بکات."
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئیدارەی ئیتلاعات بە دوکاندارەکانی ڕاگەیاندووە کە چاوەڕوانی هاوکاری لە حکومەت نەکەن و بچن داوای هاوکاری لەو کەسانە بکەن کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان گوێیان لێ گرتوون و دوکانەکەیان بۆ داخستوون."
پلانەکانی ڕژێمی ئێران بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای نەغەدە و دوورخستنەوەی کوردەکان لە شار و گوندەکانی ناوچەکە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، پێدەچێت ئەم ئاگرە بیانوویەکی نوێ بێت بۆ دوورخستنەوەی کورد لەم بازاڕە، چونکە حکومەت لە بازاڕێکی تری تەنیشت ڕووباری گادەر دوکانی تری بۆ ئەو دوکاندارانە پێشنیار کردووە، کە تەنها بە مانای پەراوێزخستنی بازرگانانی کورد و دوورخستنەوەیان لە ناوەندی شار دێت.
لە کاتی ئەم ئاگرکەوتنەوەیەدا هیچ کام لە دامودەزگا حکومییەکانی نەغەدە هیچ ڕۆڵێکیان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا نەبووە و بە وتەی ئامادەبووان، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی نەغەدە بە بەتاڵی لە ئاو هاتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و هیچ ڕۆڵێکیان لە دابینکردنی فریاگوزاریدا نەبوو، لە کاتێکدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی مەهاباد و ئەشنۆیە زۆر زوو گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد، ژمارەیەک هاوڵاتیش برینداربوون.
بازاڕەکانی کوردستان لە ڕێگەی هەناردە و هاوردە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و سەرەکی لە ئابووری ئێراندا دەگێڕن، ئەم گرنگییە بووەتە هۆی ئەوەی کە حکومەت بە هەموو دەسەڵاتەکەیەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی ڕێگری لە گەشەکردنیان بکات، بۆ نموونە دوو ساڵ لەمەوبەر بازاڕی ئەسغەری شاری مەهاباد بەهۆی ئاگرکەوتنەوە بە هۆکارێکی نادیار زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام بە هەوڵی خەڵکی کوردستان زۆر باشتر لە جاران ئاوەدان کرایەوە.
بە سوود وەرگرتن لە ئەزمونی بازرگانانی مەهابادی خەڵکی نەغەدە هەژمارێکی بانکییان بۆ ئاوەدانکردنەوەی بازاڕەکانیان کردەوە و دوای ١٠ کاتژمێر هاوکاری نەختینە سنووری ١٠٠ میلیۆن تۆمانی تێپەڕاند و لە هەموو کوردستان کەمپینەکان بۆ کۆکردنەوەی دروستکراون.
کۆکردنەوەی هاوکاری نەختینەیی بۆ ئاوەدانکردنەوەی خێرای ئەو دوکانانە و وەرگرتنەوەی ئەم بازاڕە بەمەبەستی پەراوێز نەخستنی بازرگانانی کورد و نەگۆڕینی دیمۆگرافیی ناوچەکە، سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی کورد لە ئێستادا گرنگترین ڕۆڵی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە سیاسەتەکانی حکومەت .