ژنانی کۆبانێ: بڕیاری ئێمە بەرخۆدانە و بەڵێنمان سەرکەوتنە

ژنانی کانتۆنی کۆبانی هەڵوێستی خۆیان لە دژی هەڕەشە و هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ناوچەکەیان دەپارێزن.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دوای قەیرانی سوریاوە ڕووبەڕووی هێرشی جۆراوجۆر بوونەتەوە لەلایەن چەتەکان و دەوڵەتی تورکیاوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ زۆرترن هێرشە وشکانی و ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ئەنجامدران، بەگوێرەی ئامارەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک- هەسەدە، لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ١٧ هەزار و ٥٩٦ جار هێرش هەبووە و ٥٩  هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە لەناویاندا ١٢ منداڵ و ٥ ژن هەن، هەروەها ٢٦٣ کەس بریندار بوون، ٥٩یان منداڵ و ٤٤یان ژنن.

 

ڕۆژانە هێرش و بۆردومان و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدرێت، نەک تەنها زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت، بەڵکو زیان بە ئاژەڵەکان و ماڵەکان و قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان و دامەزراوەکان و وێستگەکانی ئاو و کارەبا و مزگەوت و گۆڕستان و هتد دەگەیەنێت، ئەم هێرشانە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە بە هەمان شێوە بەردەوام بوون.

 

لەگەڵ گەیشتن بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی لە تورکیا، دەوڵەتی تورکیا دەستی بە شەڕێکی تەواو کردووە و ئاستی هێرشەکان لەسەر باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان توندتر بووە، ژنانی کانتۆنی کۆبانێ کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی ڕۆژانەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشاندا.

 

"ڕێککەوتن و هێرشێکی سێ لایەنی هەیە"

زین ئەحمەد، ژنێکی گەنج، وتی: " ئێستا سیاسەتێکی نێودەوڵەتی هەیە دژی گەلی کورد، لەبەر ئەوەیە ئێمە سەرکوتکردن و هێرش و هەڕەشە و گەمارۆ لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەبینین، دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە ڕێگەی هێرشە کیمیاییەکانەوە کە لە سەرانسەری جیهاندا قەدەغەکراوە، تەڤگەری ئازادیی کوردستان لە باشووری کوردستان لەناو ببات، لە لایەکی ترەوە، ڕژێمی سوریا بە هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ناوچەی شەهبای گەمارۆ داوە، هەروەها لەهەمان کاتدا دەروازەی نێوان باشوور و ڕۆژئاوا داخرا، دەبینین کە ڕێککەوتنی نائاسایی ڕوودەدات، وەک ژنانی گەنج لە کۆبانی، هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر ئەم هێرشانە ڕوونە، هەروەک چۆن بە وتنی بەرخۆدان ژیانە گەیشتینە ئەمڕۆ دەتوانین سەرکەوتنیش بەدەست بهێنین، بە تایبەتی، وەک ژنان، ئێمە دەستکەوتەکانمان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەدەستدەهێنین و هەموو پلانەکان پووچەڵ دەکەینەوە.

 

"هێرش بۆ سەر مەخمور پلان بۆ داڕێژراوە"

زین ئەحمەد تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی هێزەکانی عێراق بۆ گەمارۆدانی مەخمور و وتی: "دەمەوێت سەرنجێکی تایبەت بۆ دۆخی گەلەکەمان لە مەخمور ڕابکێشم کە چەند ڕۆژێکە لە دژی هەوڵدان بۆ گەمارۆدانی کامپەکەیان تێدەکۆشن، گەمارۆدانی مەخمور ڕێککەوتنێکە و پلانێکە کە لەلایەن هێزەکانی عێراق و تورکیا و هێزەکانی دیکەوە جێبەجێ دەکرێت، لە دژی ئەم سیاسەتە، ئێمە دەڵێین کە گەل نافرۆشرێت و هیچ هێزێک ناتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە جێبەجێ بکات، گەلی مەخمور چاوەڕێی یارمەتی هیچ هێزێک ناکەن، بەڵکو بە ویست و بەرخۆدانی خۆیان وەڵامی ئەو پلانانە دەدەنەوە، لەبەر ئەم هۆکارە ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان بە هەمان شێوە کاردانەوەمان هەیەو هێزی خۆمان لە شەڕڤانانی ئەم وڵاتە دەگرین و هەموو پیلانگێڕییەکان بەتاڵ دەکەینەوە."

 

"لە دژی شۆڕشەکەمان هەوڵی نوێ بۆ هێرش هەیە"

لە لایەکی دیکەوە، ڕوکەن تەمۆ باسی لە سیاسەتەکانی ئاکەپە و مەهەپە کرد و وتی: "هەمووان، بە ئێمەشەوە، چاوەڕێی ٢٨ی ئایار دەکەین تا بزانین ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی چی دەبێت، ئەردۆغان ئامادەیە هەموو شتێک بکات بۆ بردنەوەی لەم هەڵبژاردنانە و درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتەکەی، بۆیە ئێمە مەزەندەی ئەوە دەکەین کە جەنگێکی نوێ یان هێرشێک بۆ سەر هەرێمەکانمان ڕوودەدات، ئەگەر ئەردۆغان سەرکەوتوو بێت یان شکست بهێنێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لەم هەڵبژاردنانەدا ڕوون بوو کە هێشتا کەسانێک هەن کە نایانەوێت زاڵبوونی ئەردۆغان بەردەوام بێت و چوونە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە، خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا ئێستا سیاسەتی ئاکەپە و مەهەپە دەناسن، بۆیە دەیانەوێت کۆتایی بەو فاشیزمە بهێنن، ئەردۆغان هەروەها ئاگاداری ئەم بارودۆخەیە، بۆیە ئێستا هەوڵ هەیە بۆ شکستپێهێنانی شۆڕشەکەمان بۆ ڕازیکردنی کۆمەڵگەکەیان، بەڵام هەروەک چۆن بەرگریمان لە شۆڕشەکەمان کردووە لە هەموو بارودۆخێکدا، جارێکی دیکە خاوەنداری دەکەین. "

 

"باوەڕمان بە دۆزی خۆمان هەیەو هەبوونی خۆمان مسۆگەر دەکەین"

ژنێک بە ناوی خانم عەلی پەیوەندی خۆی بە کۆبانێوە باسکردو وتی: هێرش هەیە بۆ سەر کۆبانێ و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەگشتی، لە ڕووی سیاسی، سەربازی و تەنانەت لە شەڕی تایبەتدا، ئاگاداری هەموو ڕێگاکانی هێرشەکانین، کاتێک بڕیارماندا شۆڕشی ١٩ی تەممووز لە قەیرانی سوریا دەستپێبکەین، دەمانزانی هێرش دەکرێتە سەرمان و هەوڵ دەدەن ئەم شۆڕشە تێکبشکێنن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە باوەڕمان بە ئامانجی شۆڕش هەیە و تا کۆتایی بە بنەماکانی ئەوەوە پەیوەستین، ئێمە شکستمان نەهێناوە، کۆبانێ دەپارێزین و شۆڕشەکەمان بەردەوام دەکەین و ئازادی مسۆگەر دەکەین.