هەڕەشەکردن لە ژنە دوکاندارەکانی شاری سنە لەلایەن حکومەتەوە

شایەتحاڵانی شارۆچکەی بەهاران دەڵێن کەسێک بە ناوی عەبدوڵا شەهبازی بە بیانووی فەرمان بە چاکەی گشتی فشار دەخاتە سەر دوکاندارەکان و زۆرجاریش بە بیانووی حیجاب هەڕەشە لە ژنە دوکاندارەکان دەکات.

سنە

 

بە پێی ئەو زانیارییانەی لە ژنە دوکاندارەکانی شاری سنە دەستمان کەوتووە، کەسێک بە ناسنامەی عەبدوڵا شەهبازی کە بریکاری حکومەتە و بە بیانووی فەرمان بە چاکە و ڕێگری لە خراپە، بووەتە هۆی هەراسانکردنی دوکاندارانی شاری سنە.

 

ژنە دوکاندارەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم کەسە بە هەڕەشەی مۆرکردنی دوکانەکان و پەیوەندیکردن بە ژمارە ١١٠ بۆ وەبیرهێنانەوەی حیجابی زۆرەملێ، ئارامی دوکاندارەکانی شارۆچکەی بەهاران و هەروەها لە ناوچەکانی دیکەی شاری سنە تێکداوە.

 

شایەتحاڵەکان دەڵێن: عەبدوڵا شەهبازی بە تەنیا دەچێتە دوکانەکان و دوکاندارەکان لە حیجاب ئاگادار دەکاتەوە و هەڕەشەیان لێدەکات کە پەیوەندی بە ١١٠ دەکات، تەمەنی ناوەندە و زۆرجار بە جلی کوردییەوە دەردەکەوێت و هەندێکجاریش بە چاکەت و پانتۆڵەوە دەردەکەوێت و دەوترێت لە شارۆچکەی بەهاران دەژی.

 

بە وتەی ئەو شایەتحاڵانە، ئەم کەسە کارتی فەرمانی چاکە و قەدەغەکردنی خراپەی هەیە، هەروەها فشار دەخاتە سەر زۆرینەی ژنە دوکاندارەکان بۆ ئەوەی ڕەچاوی حیجابەکەیان بکەن و هەڕەشەیان لێدەکات.