نەخواردنی میوە لە لایەن توشبووانی شەکرەوە کارێکی خراپە

هەرچەندە میوەکان بڕێکی دیاریکراو شەکریان تێدایە، بەڵام زیان بە توشبووانی شەکرە ناگەیەنێت بۆیە دەبێت توشبووانی ئەو نەخۆشیە میوە بخۆن.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکێک لە هەڵەتێگەیشتەنکان لەی توشبووانی شەکرە ئەوەیە کە خواردنی میوە خراپە، چونکە شەکری خوێن بەرز دەکاتەوە، تەنانەت بەشێک لە پزیشکانیش هەمان قسە بڵاودەکەنەوە، ئەمەش وا دەکات ئەو باوەڕە زیاتر جێگیر بێت لای نەخۆشەکان.

 

هەڵەی گەورە ئەوەیە وابزانرێت تاکە ئامانج لە چارەسەرکردنی شەکرە بریتیە لە کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن، بەڵام ئامانجی سەرەکی بریتیە لە پاراستنی ئەو ئەندامە گرنگانەی جەستە کە نەخۆشی شەکرە هەڕەشەیە لەسەریان، کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێنیش یەکێکە لە هۆکارەکانی پاراستنی ئەندامەکان.

 

گرنگترین ئەو ئەندامانە بریتین لە دڵ، مێشک، پێ، چاو، گورچیلە و دەمارەکان کە نەخۆشیی شەکرە زۆرترین زەبریان پێدەگەیەنێت، تەنانەت نەخۆشکەوتن، پەککەوتن و مردن لە تووشبووانی شەکرە هەر بەهۆی‌ پەککەوتن و ناڕێکیی ئەو ئەندامانەوەیە.

 

دامەزراوەی شەکرەی‌ ئەمریکی‌ ADA ڕایدەگەیەنێت، دەبێت هانی تووشبووانی شەکرە بدرێت کە میوە بخۆن، بەو مەرجەی‌ ڕەچاوی‌ بڕی شەکری‌ خوێنیان بکرێت، میوەکان جگە لە شووتی لەو خۆراکانە نین کە شەکریان زۆر تێدایە، بۆیە باشترین ڕێگە ئەوەیە جگە لە شووتی‌، هەموو میوەکانی‌ دیکە بخۆن، بەشێوەیەک کە لە هەر ژەمێکدا جۆرێکی جیاواز لە میوە بخورێت.

 

دەمارەکان هاوشێوەی سەرجەم ئەندامەکانی جەستە پێویستیان بە ڤیتامینەکان هەیە، هەروەها پەککەوتنی دەمارەکانیش سەرەکیترین هۆکارە بۆ بڕینەوەی‌ پێیەکان لە تووشبووانی شەکرە، سەرئەنجام نەخواردنی‌ میوە هۆیەکی‌ سەرەکی دەبێت بۆ پێ بڕینەوەی تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە.