چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی ڕێگای ناردنی هاوکاری بۆ باکوور و ڕۆژئاوا دەخەنەڕوو
چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان خستەڕوو، ڕایانگەیاند، پێوێستە بە هەستێکی نەتەوەیی و بە ڕۆحێکی مرۆڤ دۆستانەوە، بە هانای گەلەکەمانەوە بچین.
ناوەندی هەواڵ
چالاکوانانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا هاوخەمی خۆیان بۆ کوردانی زیانلێکەوتووی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان خستەڕوو، هاوکات پێداویستییەکانی زیانلێکەوتووان و ڕێگاکانی گەیاندنی هاوکارییەکانی خەڵکیان بە کەمپینەکانی سلێمانی و مانگی سوری کوردستان خستەڕوو، ڕایانگەیاند، "پێوێستە بە هەستێکی نەتەوەیی و بە ڕۆحێکی مرۆڤ دۆستانەوە، بڕۆین بە هانای خەڵکی لێقەوماو و لە ئێش و ئازاریان کەم بکەینەوە".
دەقی ڕاگەیەندراوی چالاکوانانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانی له باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان؛
ڕێز و خۆشەویستی بۆ هەموو کوردێکی مرۆڤ دۆست!
بەداخەوە لە ڕێکەوتی ٦ی شوبات چەندین جار بوومەلەرزە تورکیا و سوریا و چەندین وڵاتی ناوچە و شارەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی هەژاند و بووە هۆکاری گیان لەدەستدان و بریندار بوونی هەزاران کەس، بۆیە پێوێستە بە هەستێکی نەتەوەیی و بە ڕۆحێکی مرۆڤ دۆستانەوە، بڕۆین بە هانای خەڵکی لێقەوماو و لە ئێش و ئازاریان کەم بکەینەوە.
داواکارین لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کۆردستان، یارمەتییەکان خۆیان بگەیننە باشووری کوردستان تا لە ڕێگای مانگی سوری کوردستان بگاتە دەستی خەڵکی لێقەوماوی باکوور و ڕۆژئاوا.
شایانی باسە بۆ ئەوەی لەسەر سنوور حکومەت دەستنەگرێت بەسەر کەلوپەلەکاندا، تا بۆتان دەکرێت پارەی کاش بگەیەننە دەستی کەسانی جێی متمانەی خۆتان، تا ئەوان ڕادەستی کەمپینی ئەمنە سوورەکەی سلێمانی بکەن.