وڵاتێکی عەرەبی بەرنامەی "تیک تۆک" قەدەغە دەکات

حکومەتی سۆماڵ تیک تۆک و تێلێگرام و ماڵپەڕێکی گرەوکردنی قەدەغە کردووە و دەڵێت ئەو پلاتفۆرمانە لەلایەن "تیرۆریستان"ەوە بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە بەکاردەهێنرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای سۆماڵ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، حکومەت "تیک تۆک و تێلێگرام و ماڵپەڕێکی گرەوکردن"ی لە وڵاتەکەیدا قەدەغەکردووە.

 

وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای سۆماڵ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "داوایان لە دابینکەرانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت کردووە تا ٢٤ی ئاب ڕێگری لە چوونەژوورەوەی بەکارهێنەرانی هەر سێ پلاتفۆرمی "تیک تۆک و تێلێگرام و ماڵپەڕێکی گرەوکردن"ی بکەن، ئەمەش بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی ".

 

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە قۆناغی دووەمی هێرشی سەربازی بۆ سەر بزووتنەوەی توندڕەوی گەنجان کە زیاتر لە پانزە ساڵە سەرکردایەتی یاخیبوونێکی خوێناوی لە دژی حکومەتی ناوەندی لە مەقادیشۆ دەکات، نزیک دەبێتەوە.

 

بەپێی زانیارییە بڵاکراوەکانی ئەو وەزارەتە، تیرۆریستان و گروپەکانی بڵاوکەرەوەی لەشفرۆشی بەرنامەکانی " تیک تۆک و تێلێگرام و 1XBET " بەکاردەهێنن بۆ "بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ناوەڕۆک توندوتیژ بۆ بە لاڕێدابردنی ڕای گشتی.

 

لە مانگی ئابی ٢٠٢٢ەوە سوپای سۆماڵ لەگەڵ گروپە خێڵە ناوخۆییەکان بە پاڵپشتی هێزەکانی یەکێتی ئەفریقا و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر گروپی بزووتنەوەی گەنجانی سەر بە قاعیدە.

 

لە ساڵی ٢٠١١ چەکدارانی بزوتنەوەی گەنجان لە مەقادیشۆ دەرکراون، بەڵام لە ناوچە گوندنشینە گەورەکاندا بڵاوبوونەتەوە و لەوێوە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر ئامانجە ئەمنی و مەدەنییەکان.

 

حەسەن شێخ مەحمود، سەرۆک کۆماری سۆماڵ بەڵێنیدا وڵاتەکە لە میلیشیا توندڕەوەکان ڕزگار بکات، بڕیارە بەم نزیکانە قۆناغی دووەمی هێرشی سەربازی بۆ سەر بزووتنەوەی گەنجان لە باشووری ئەو وڵاتە ڕابگەیەنێت.