کاریگەرییە زیانبەخشەکانی سووتاندن لەسەر خاک و ژینگە

شارەزایەکی کشتوکاڵی داوا لە جووتیاران دەکات دوای دروێنەکردن خۆیان لە سووتاندنی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەدوور بگرن.

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولدا هەموو ساڵێک لە زۆربەی ناوچەکاندا تووشی دیاردەیەکی باو دەبین کە لەلایەن جووتیارانەوە پێی دەوترێت "سووتاندن"، هەندێک جار لەسەر ڕێگاوبانەکان و لەکاتی شۆفێریدا کاتێک بەناو کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا تێدەپەڕین، زۆر کێڵگە دەبینین کە یان دەسووتێن و دیمەنێکی خەمۆک و پڕ لە دوکەڵ دروست بووە، یان پێشتر سووتێنراون و ڕەشێکی بەرفراوان پانایی دەشتەکانی داپۆشیوە.

 

​ئەو جووتیارانەی کە بەشداری ئەم کارە دەکەن بە شێوەیەکی نەریتی پێیان وایە سووتاندنی زەوی دوای دروێنەکردن و خۆڵەمێشی دەرەنجامی خاکەکە بەهێز دەکات و ماددە زیانبەخشەکان لەناو دەبات، شتێک کە بە ڕواڵەت هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و پسپۆڕان و توێژەران بۆچوونی پێچەوانەیان هەیە، باس لەوە دەکەن کە سووتاندنی زەوییەکان نەک تەنها بۆ سوودی خاک و زەوی کشتوکاڵی نییە، بەڵکو زیانێکی زۆری پێدەگەیەنێت و لێکەوتەی زۆری بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان و ژینگە هەیە، لەم ڕووەوە لەگەڵ "ه.گ"، پسپۆڕی کشتوکاڵ گفوتوگۆمان کرد.

 

سووتاندن زیان بە زەوییە کشتوکاڵییەکان دەگەیەنێت

لەم بارەیەوە وتی: سووتاندنی زەوییە کشتوکاڵییەکان دوای دروێنەکردن لێکەوتەی زۆری بۆ ژینگە و زەوییەکان هەیە، وەک شارەزاییەکی کشتوکاڵیش داوا لە جووتیارانی ئازیز و ماندوو نەناس دەکەین خۆیان لەم کارە بەدوور بگرن، کە بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە زانستی و ئەزموونییەکان سەلمێنراون.

 

بەشێک لە زیانەکانی سوتاندنی خاک و زەوییە کشتوکاڵییەکان

- کەمبوونەوەی بەپیتی خاک و بەرهەمهێنان لە زەوییەکان لە داهاتووییەکی دوور مەودا

- لەناوبردنی ماددە ئۆرگانییەکانی خاک

- لەناوبردنی مێروو و ئاژەڵە زیندووەکان کە بوونیان پێویستە بۆ زەوی کشتوکاڵی و بەپیتی خاک

- لەناوبردنی هەر جۆرە ئاژەڵێک لە هەر ناوچەیەکدا دەرئەنجامی لاوەکی هەیە کە قەرەبوو ناکرێتەوە

- پیسکردنی هەوا و زیادکردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن

-زیادبوونی گازی گەرمخانەیی لە بەرگەهەوا و گەرمبوونی زیاتر

-کەمبوونەوەی بەرهەمی خاک و توانای هەڵمژینی ماددە خۆراکیەکان لەلایەن ڕەگەوە

-زیادکردنی بەکارهێنانی پێوانەی کیمیایی

- لاوازبوونی توانای ڕاگرتنی ئاو لە خاکدا

- لاوازکردنی زیندەوەرانی خاک

- لەناوبردنی پێکهاتەی خاک

- نەهێشتنی خۆراکی پێویست بۆ ئاژەڵ

- زیانگەیاندن بە سیستەمی ئاودێری و ژێرخانی کشتوکاڵی

- ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئاگر بۆ زەوییە نزیکەکان و لەوەڕگە و دارستانەکان و تەنانەت شوێنی نیشتەجێبوون

 

ئەمانە بەشێکبوون لە زیانەکانی سووتاندن بۆ کشتوکاڵ و ژینگە، ئەم ئاڵۆزیانەش دەرئەنجامی ناڕاستەوخۆیان هەیە، لە داهاتووی دوور مەوادا بەرهەم و داهاتی جووتیاران کەمدەکاتەوە، کارایی ئابووری کشتوکاڵ کەمدەکاتەوە، نەهێشتنی دەرفەتی کشتوکاڵی ئۆرگانیک مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراکی کۆمەڵگە دروست دەکات، لێکەوتەی پێشبینینەکراو بۆ ژینگە و سامانە سروشتییەکان، مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵ دروست دەکات.