بەهۆی گازی کلۆرەوە تەندروستی چەند ژنێک لە مەلەوانگەیەک تێچووە

لە ئەنجامی تەقینەوەی گازی کلۆری مەلەوانگەیەکی شاری کەلار ژمارەیەک ژن کە بۆ مەلەوانی لەو مەلەوانگەیەدا بوون تەندروستییان تێکچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ گازی کلۆری مەلوانگەیەکی کەلار تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە ئەو ژنانەی مەلەوانگەکە بوون دۆخی تەندروستیان تێکچووە.

 

بەپێی زانیارییەکان لەکاتی رووداوەکەدا نزیکەی ٣٠ ژن لەناو مەلەوانگەکەدا بوون و چوار ژن بەهۆی هەناسەتوندییەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، جێگری بەڕێوەبەری فریاکەوتنی کەلار ڕایگەیاندووە، ئەو ژنانە لەژێر ئۆکسجیندان و دۆخی تەندروستییان جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.

 

بەرگریی شارستانی کەلار ئاماژەی بەوەداوە، " ئەمە یەکەمجارە ڕووداوێکی لەو شێوەیە ببێت، بۆئەوەی تیمەکانیان بەدواداچوونی بۆ بکەن."

 

تا ئێستا خاوەنی مەلەوانگەکە هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووداوەکەوە بڵاونەکردووەتەوە.