نرخی برنج لە ماوەی ١٥ ساڵدا ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد

گۆڕانی کەشوهوا کاریگەری لەسەر بەرهەمە خۆراکییەکان دروستکردووە، تایلەند داوا لە جووتیاران دەکات ئەو بەرهەمانە بچێنن کە پێویستیان بە ئاوی کەمترە.

ناوەندی هەواڵ

 

نرخی برنج لە ئاسیادا بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی نزیکەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو هەڕەشە لە بەرهەمهێنانی برنج لە تایلەند دەکات و هیندستانیش قەدەغەکردنی هەناردەکردن دەسەپێنێت.

 

نرخی برنجی سپی تایلەندی بە ڕێژەی ٪٥ زیادبوونی بەخۆیەوە بینی، کە ستانداردێکی ئاسیایە و نرخی هەر تۆنێک بۆ ٦٤٨ دۆلار زیادیکردووە، کە گرانترین نرخی برنجە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ ەوە تۆمارکرابێت.

 

بەگوێرەی ماڵپەڕی بلومبێرگ و داتاکانی کۆمەڵەی هەناردەکارانی برنجی تایلەند ڕۆژی چوارشەممە، بەرزبوونەوەی نرخەکان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بۆ ٪٥٠ زیادیکردووە.

 

برنج خۆراکێکی گرنگی ملیارەها هاووڵاتی ئاسیایی و ئەفریقاییە، بەرزبوونەوەی نرخەکان دەتوانێت فشارەکانی هەڵاوسانی ئابووری زیاد بکات و پارەی هاوردەکردن بۆ کڕیاران زیاد بکات.

 

دوایین هەڕەشەی دابینکردنی برنج بۆ جیهان لە تایلەندەوە دێت کە دووەم گەورەترین هەناردەکاری برنجی جیهانە، دەسەڵاتداران هانی جووتیاران دەدەن ئەو بەرهەمانە بچێنن کە پێویستیان بە ئاوی کەمترە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاوی ناوچەکە لە کاتێکدا بارانبارین بە ڕێژەی ٪٤٠ کەمیکردووە.

 

مانگی ڕابردوو هیندستان قەدەغەکردنی هەناردەکردنی برنجی ڕاگەیاند، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای وڵاتانی جیهان دروستکرد، هاوکات بەرزبوونەوەی نرخەکان فشارەکانی بازاڕەکانی خۆراکی جیهانی زیاتر دەکات، بەهۆی کەشوهەوای سەخت و کەمبوونەوەی دابینکردنی دانەوێڵە لە ناوچەی دەریای ڕەشەوە بەهۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا.