ڤایرۆس لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی بڵاوبووەتەوە

هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک دەدرێت کە بووەتە هۆی مرداربوونەوەی ٪٤٠ مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی سەرجەم ناوچەکانی کوردستان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لە سلێمانی رایگەیاند، سێ ساڵ پێش ئێستا کۆمەڵەکەیان داوای ڤاکسینی کردووە بۆ ئەو ڤایرۆسەی بووتەوە هۆی مرداربوونەوەی ٪٤٠ مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکان، بەڵام بۆمرۆڤ ناگوازرێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد " لەلایەن لیژنە هاوبەشەکان و بەشی ڤێتێرنەرییەوە  بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو مریشکانەی لە بازاڕەکاندا هەن دەکرێت، بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک".

 

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا وتی: " تەرخانکردنی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئەم بوارە لە هەموو وڵاتان لە ٪١٥ بۆ ٪٢٥، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تەرخانکردنی وەزارەتی کشتوکاڵ لە ٪٢ تێناپەڕێت، لە کاتێکدا دەتوانرێت پێداویستی خۆراکی ٥ ملیۆن کەس دابینبکات".

 

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان دەربارەی بڕی بەرهەمی مریشکی ناوخۆیی لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، " ئەو بڕەی بەرهەمدەهێندرێت دە هێندی پێداویستی ناوخۆیی هاوڵاتیانە، ئەو فایرۆسەی بڵاوبووەتەوە ڕۆژانە زیانی دارایی لە خاوەنی کێڵگەکان دەدات، لە کاتێکدا پڕۆژە پەیوەندیدارەکانی پەلەوەر نزیکەی ٥٠٠ هەزار هەلی کاری بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە."