نرخی پێداوسیتییەکان لە ئێران هەموو ڕۆژ بەرزدەبێتەوە

زەهرا دەڵێت: نرخی پێداویستییەکانی ئامادەکردنی ئاش  گرانتر بووە لەچاو ساڵی ڕابردوو، تەنانەت بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو سەوزە و فاسۆلیا گرانتر بووە، وە ئەمساڵ لەگەڵ بەرزبوونەوەی دۆلار نرخەکانم بەرزکردەوە، بەڵام قازانجەکەم بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو  کەمترە

ئورومیە

 

سەبەتەی خۆراکی خەڵک و کەرەستەی بەکاربەر بەدرێژایی ساڵان لەژێر کاریگەری بۆنە و بارودۆخەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەمساڵ هاوکاتی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز بووە هۆی ئەوەی خەرجییەکانی ئەم دوو بۆنەیە لە یەک کاتدا بخرێتە لیستی پێداویستییەکانی خەڵکەوە و هەندێک خۆراک و کەلوپەلی بەکارهێنراو زیاتر جێگەی سەرنجی خەڵک بن.

 

بەشێک لەو کەلوپەلانە بە بەرزبوونەوەی نرخ پێشکەش دەکرێن بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەم بەرزبوونەوەی نرخە کاریگەری لەسەر خواستی زۆرێک لە خێزانەکان هەیە کە ناتوانن ئەو کاڵایانە دابین بکەن کە پێویستیانە.

 

نرخی دۆلار ٥٢ هەزار تومەنە و مووچەی خەڵک ڕیاڵە، ئەمەش وایکردووە توانای کڕینی خەڵک کەمببێتەوە، نرخی خۆراک و میوە و جلوبەرگ لە بازاڕدا لەڕادەبەدەر گران بوو و خەڵک ناتوانێت خەرجی ژیانی خۆی دابین بکات.

 

لە نەورۆز حکومەت ٥٠٠ هەزار تومەنی بە خەڵک داوە لە مانگی ڕەمەزاندا بۆ هەر ماڵێک ١٥٠ هەزار تومان دەدرێت، کە هیچیان هاوتای نرخی کڕینی مریشکێک نین، ناکارامەیی حکومەت لە هەموو کاتێک زیاتر دەرکەوتووە و ناتوانێت کۆنترۆڵی قەیرانەکە بکات، چونکە خۆی بەشێکە لە خودی قەیرانەکە.

 

 ژیانی ژنانی ئورومیە بەهۆی گرانی نرخەوە بە توندی کەوتۆتە ژێر کاریگەرییەوە، لەم ڕاپۆرتەدا لەگەڵ ژمارەیەک ژن باسمان لە گرانبوونی نرخ و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانیان کرد.

 

شیرین کەریمی، یەکێک لەو ژنانەی سەرپەرشتی خێزانەکەی دەکات، سەبارەت بە گرانی نرخی کەلوپەلی خۆراک دەڵێت: " لە بازاڕی ڕەمەزان ساڵانە گرانی و نەبوونی کەلوپەلی خۆراک باو بووە، جگە لە گرانی نرخ، نەبوونی یاسا و چاودێری فرۆشتن لە بازاڕدا بووەتە هۆی ناجێگیری نرخەکان، شەش جار پرسیارم لە نرخی گێزەر کرد نرخەکانی لە ١٢ بۆ ١٥ هەزار جیاواز بوو، بەڵام ساڵی پار ٣ هەزار تومەن بوو، هەر دوکانێک کرێی زیاتر بدات شتەکان گرانتر دەفرۆشێت، تەنانەت دوکاندارەکانیش شتێکی وەک مۆز هەڵدەگرن بۆ ئەوەی سبەینێ بە گرانتر بیفرۆشن چونکە چاوەڕێی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەکەن."

 

وتیشی: " خورما لە مانگی ڕەمەزاندا خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەگەر ساڵی ڕابردوو ٣٠-٣٥ هەزار تومەن بووبێت، ئەمساڵ دوو هێندە زیادی کردووە و لە ئورومیە بە ٧٠ هەزار تومەن دەفرۆشرێت، هەنگوین تاکە شتێکە کە نرخەکەی زۆر نەگۆڕاوە، منیش شانەی هەنگوینم بە ١٥٠ هەزار تومەن کڕی، نرخی یەک کیلۆ مریشک ٧٠ هەزار تومەنە توانای کڕینیم نیە و ئەمەش دەبێتە هۆی فشاری ئابووری بۆ کرێکارێک لە مانگی ڕەمەزان، ئەمساڵ گوێز و میوەم لەسەر سفرەی نەورۆز و گۆشتی سوورم لەسەر سفرەی ڕەمەزان لابرد، چونکە کەسێکی وەک من کە مانگانە ٦ ملیۆن تومەن داهاتی هەیە، توانای کڕینی هەموو پێداویستییە خۆراکییەکانی نییە."

 

زەهرا و هاوسەرەکەی لە مانگی ڕەمەزاندا لە دوکانەکەیان ئاش و خواردەمەنی دیکە دەفرۆشن، سەبارەت بە بازاڕی نەورۆز و ڕەمەزان لە ئەمساڵدا دەڵێت: "کەرەستەی خاو بۆ ئامادەکردنی ئاش و خواردنەکانی دیکە زۆر گرانتر بووە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، تەنانەت بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو سەوزە و فاسۆلیا بۆ ئاش گرانتر بووە، ئەمساڵیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی دۆلار نرخی فرۆشتنی خواردنەکانم بەرزکردەوە، بەڵام من قازانج زۆر کەمترە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو."

 

وتیشی: " بەیانی زوو لە خەو هەڵدەستم و شتەکان ئامادە دەکەم و شەوانە لە نیوەڕۆ تا ١١ لە دوکانەکەدا سەرقاڵی کارکردنم، بەڵام هەرچەندە بفرۆشم دڵخۆش نیم، چونکە هەموو شتێک بۆ ئێمە قورسە تەنانەت بۆ ئەوەی ژیانێکی تەواو ئاساییمان هەبێت و لەوە زیاتر ناتوانین هیچی تر بکەین، ئەگەر ئەمڕۆ نان بکڕین، سبەینێ مریشک و برنجمان نابێت، مانگەکانی ڕەمەزان و نەورۆز بە مانای سەردانی و میوان دێت، من خۆم دوای چەند ڕۆژێکی ڕەمەزان زولبیە و بامیەم نەکڕی، ئەم کەسانە کە ساڵی ڕابردوو لە کاتی ڕۆژوو شکاندن ڕیزیان دەگرت بۆ کڕینی ئاش و خواردنی دیکە لە دووکانەکەم، ئەمساڵ ئەگەر بازاڕ بکەن تەنها قاپێکی بچووک ئاش دەکڕن."

 

سەحەر پایۆن، خەڵکی ترگۆر ئورومیەیە و ئەو و هاوسەرەکەی هەردووکیان کارمەندی بانکن، سەبارەت بە بارودۆخی ژیانی خەڵکی لە نەورۆز و ڕەمەزاندا دەڵێت: " ئێمە هاوبەشین لەگەڵ هاوسەرەکەم بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی ژیان و من هاوکاریی دەکەم لە خەرجییەکانی ژیان و کڕینی جل و بەرگ و شتومەکی خۆم، بەڵام هاوسەرەکەم گلەیی دەکات و هێواش هێواش لە لێواری جیابوونەوەداین، هەرچەندە مانگانە زیاتر لە ٤٠ ملیۆنمان هەیە، بەڵام لە کۆتایی مانگدا هیچمان پێ نامێنێتەوە پارە، مانگی ڕابردوو میوانییەکم سازکرد و خواردنی زیادەم نەکڕی، بەڵام هاوسەرەکەم گلەیی دەکات کە توانای دابینکردنی خەرجییەکانی ژیانی نییە."

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: " مانگانە پێویستمان بە یەک کیسە برنجە، بەڵام هاوسەرەکەم دەڵێت ئێمە زۆر بەکاردەهێنین و تۆ فڕێی دەدەیت، هەرچەندە هیچ فشارێکی ئابووریم نەخستوەتە سەر هاوسەرەکەم بەڵام ژیانمان لە لێواری داڕماندایە، ساڵێک پێش ئێستا پاڵتۆیەکم کڕیوە و ئەمساڵ پێڵاوی نوێم نییە، من کە کار دەکەم و پارەیەکی باشم هەیە، بەهۆی فشاری ئابوورییەوە خەمۆکم و بەهۆی خەرجی ژیانەوە ڕۆژانە لەگەڵ هاوسەرەکەم شەڕ دەکەین، لەگەڵ هاتنی نەورۆز مریشکم نەکڕی، ئەمڕۆش چوومە مارکێتەکەی سەر شەقام و کەرەیەک و سەتڵێک ماستم لەگەڵ کڕی بە قەرزی بە ٨٠ تومەن ، وە وازم لە خواردنی ماسی و میوە هێنا و بە هیچ شێوەیەک کەس بانگهێشت ناکەم چونکە دەزانم ئەگەر خواردنی زۆر بکڕم هاوسەرەکەم شەڕم لەگەڵ دەکات."