ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان: سودان ڕووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان بووەتەوە

سێ ڕاپۆرت کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، وێنەیەکی کارەساتبار و وردی خراپتربوونی دۆخی مرۆیی سودانیان ئاشکرا کردووە، کە هۆشدارییان داوە لە مەترسی نزیکبوونەوەی برسێتی، شەپۆلی یەک لە دوای یەک لە ئاوارەبوون و پەرەسەندنی پێشێلکارییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ تێکچوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و فراوانبوونی بازنەی پێداویستییە بەپەلەییەکان، نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان پەرەدەسەنن کە قەیرانی سودان دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ خراپترین کارەساتی مرۆیی جیهان لە ساڵانی ڕابردوودا.

 

لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێکان بۆ ساڵی چوارەم، ڕێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئاڵۆز و زیادبوونی سنووردارکردن دەبنەوە کە ڕێگریان لێدەکات لە پێشکەشکردنی پشتیوانی و هاوکاریی پێویست بۆ ملیۆنان کەس کە بەهۆی شەڕەکەوە زیانیان بەرکەوتووە, داتا هاوبەشەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی و سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان ٢٨ بۆ ٣٠ی ئایاردا دەرکەوتووە کە ململانێی سودان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی تەقلیدی تێپەڕیوە و لق و پۆپ بووە بۆ قەیرانێکی مرۆیی ئاڵۆز و توند کە کاریگەرییەکی توندی لەسەر بنەماکانی ئاسایشی خۆراک و چاودێری تەندروستی و پاراستنی یاسایی هەیە، ئەمە جگە لە قووڵبوونەوەی قەیرانی پەنابەران و داڕمانی کەرتی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە وڵاتەکەدا.

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە ڕاپۆرتی مانگی ئایاردا پشتڕاستی کردەوە کە دۆخی خۆراک لە سودان خراپتر دەبێت بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پەککەوتنی بازاڕەکان و زنجیرەکانی دابینکردن، بەمەش ملیۆنان کەس نزیکەی تەواو پشت بە یارمەتییە خۆراکییەکان دەبەستن بۆ مانەوە.

 

بەپێی دوایین شیکاری پۆلێنکردنی قۆناغی ئاسایشی خۆراکی یەکگرتوو (IPC) کە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا بڵاوکرایەوە، نزیکەی ١٩.٥ ملیۆن کەس- دوو لە هەر پێنج سودانییەک- ڕووبەڕووی ئاستی توندی نائاسایشی خۆراک دەبنەوە. لەناویاندا نزیکەی ١٣٥ هەزار کەس لە دۆخێکی کارەساتباردا دەژین و لە لێواری برسێتیدا دەلەرزن، بەتایبەتی لە ١٤ ناوچەی جێناکۆک لە دارفور و ویلایەتی کۆردۆفانی باشوور.

 

زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس لە قۆناغی قەیرانی خۆراکی فریاگوزاریدا پۆلێن دەکرێن، لەکاتێکدا نزیکەی ١٤ ملیۆن کەس ئاستی قەیراناوی نائاسایشی خۆراکیان بەسەردا دێت. پێشبینی دەکرێت دۆخەکە لە نێوان مانگەکانی حوزەیران و ئەیلوولی ٢٠٢٥٥ خراپتر بێت، کە بە شێوەیەکی گشتی فشارەکانی خۆراک و کێشەکانی دەستڕاگەیشتن بە مرۆییەکان زیاد دەکات.

 

بەرنامەکە هۆشداری داوە لەوەی وەرزی بارانبارینی داهاتوو ناوچە نوێیەکان گۆشەگیر بکات و گەیاندنی هاوکارییەکان زیاتر ئاڵۆز بکات، بەتایبەتی لە دارفور و کۆردۆفان، کە تا ئێستاش بەهۆی بەردەوامی ململانێکان و تێکچوونی بارودۆخی ئابوورییەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بۆ نائاسایشی خۆراک.

 

یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکان

هەروەها سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە ڕاپۆرتەکەیدا هۆشداری داوە لە بەردەوامی تێکچوونی دۆخی ژنان و منداڵانی کچ، قەیرانی سودان بە یەکێک لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان پێناسە دەکات. ڕاپۆرتەکە ڕوونیکردووەتەوە کە ژنان ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە کە پەیوەندییان بە توندوتیژی ڕەگەزی و زایەندییەوە هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی چاودێری تەندروستی و پاراستن.