ژمارەی ئەو کەسانەی لە سوریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە هەزار و ٧١٢ کەس
ئەو بوومەلەرزەیە بە گوڕی ٧.٧ پلە لە شاری مەرەش و دیلۆک ڕوویدا، زۆرێک لە شارەکانی سوریاشی گرتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سوریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە هەزار و ٧١٢ کەس.
ناوەندی هەواڵ
ئەو بوومەلەرزەیەی بە گوڕی ٧.٧ پلە لە شاری مەڕەش لە باکووری کوردستان ڕوویدا، بووە هۆی وێرانکاری لە شارەکانی تورکیا و سوریا، ژمارەی ئەو کەسانەشی لە سوریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە هەزار و ٧١٢ کەس.
ئاژانسی سانای دەوڵەتی سوریا بڵاویکردەوە، لە حەلەبی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا، لازقیە، حەما، ئیدلب و تەرتوس لانیکەم ٨١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٤٤٩ کەسیش برینداربوون.
کڵاو سپییەکانی سەر بە ڕێکخراوی قاعیدە لە ئیدلب، کە لەژێر داگیرکاری چەتەکانی دەوڵەتی تورکیادایە، وەک ڕێکخراوێکی فریاگوزاری کاردەکەن، ڕایانگەیاندووە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکاندا ٩٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.