چۆن دژی کوشتنی ژنان دەوەستینەوە؟

پەیمان عیزەدین، پارێزەر و سیاسەتمەدار لەبارەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئاماژەی بەوەدا کە کوشتنی ژنان ڕەگ و ڕیشەی مێژووی هەیە و دەبێت لە لایەنە جیاوازەکانەوە ڕێگەچارەی بۆ بدۆزرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە هەڵکشاندایە، یاسا و دادگاکان نەیانتوانیوە مافی ژنان بەدەستبهێنن، ئەگەرچی چالاکوانان و پارێزەران باس لەوەدەکەن کە کەیسەکانی ژنان لە دادگادا بە هێواشی بەڕێوەدەچێت، ئێستا مۆدێلێکی نوێ پەیدا بووە کە بە بیانووی نەبوونی بەڵگە و شایەت ژنکوژان ئازاد دەکرێت یاخود بەر لێبووردنی گشتی دەکەون.

 

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیاری ئازادکردنی باوکی هێلین و ئاوارە، دوو کچە کوژراوەکەی چەمچەماڵ، لەلایەن دادگای سلێمانییەوە درا، ناڕەزایەتی گەورەی لێکەوتەوە و ژنانی چالاکوان و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵمەتی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانیان ڕاگەیاند.

 

لەو بارەیەوە، پەیمان عێزەدین، پارێزەر و سیاسەتمەدار لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی بڵاویکردووەتەوە، چۆن دژی کوشتنی ژنان دەوەستینەوە؟

 

کوشتنی ژنان ڕەگی قوڵی مێژووی هەیە

ئەو پارێزەرە دەربارەی هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوە دەڵێت: بەر لە هەر بڕیار و دروشم و هەنگاوێک بۆ دژ وەستانەوە بە ڕووی کوشتنی ژناندا، دەبێت لەوە دڵنیابین کە کوشتنی ژنان هۆکار و ڕەگ و ڕیشەیەکی قوڵی مێژوویی لە پشتەوەیە، چوونە ژێرباری ڕاوەستانەوە دژی کوشتنی ژنان ئەرکێکی گران و لەهەمان کاتیشدا جێی پێزان و پشتیوانیکردنە، چونکە ئیشکردنە لەسەر گۆڕینی کولتوورێکی کەڵەکەبوو، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەبێت لەسەر ئەنجام کارنەکرێت، کە کوشتنی ژنەکەیە .

 

"دەستگیرکردن و سزادانی بکوژی ژنان چارەسەری گرفتەکە نییە، لەڕاستیدا جگە لەوەی تاوانبارێک سزای خۆی وەردەگرێت، هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نابێ بۆ کۆتاییهێنان بە کولتووری ژن کوشتن، چونکە پاڵنەرەکانی پشت کوشتنی ژنان گەورەتر و زۆرترن لەوەی لە سێدارەدانی بکوژێک ترس دروستبکات."

 

بڕوانەبوون بە ژن کێوێک هۆکاری لە پشتەوەیە

پەیمان عیزەدین دەڵێت: "بڕوانەبوون بە ژن وەک تاکێکی سەربەخۆ و هاوبەش لە ژیان و مرۆڤایەتیدا، کێوێک لە ڕووداوی مێژوویی و جەنگ و ئاینی لە پشتەوەیە، لە هەر کۆمەڵگەیەکیشدا بڕیاردرابێت کار لەسەر گێڕانەوەی ماف بۆ ژن بکرێت، دەستبراوە بۆ بنکۆڵکردنی ئەو کێوە".

 

لەبارەی لایەنە جیاوازە جیاوازەکانی توندوتیژییەوە وتی: ناکرێت و نابێت بێ ڕاوەستان لەسەر تێگەیشتن، پەروەردە، یاسا، وتاری ئاینیی توندڕەوە، وا پیشان بدەیت دژ بە کوشتنی ژنان دەوەستیت، ئێستا کاتیەتی لەگەڵ دەستپێکی ئەو کەمپەینە بۆ دژایەتی کوشتنی ژنان، بە وردی چاودێری ڕاگەیاندنەکان و سیستمی پەروەردە و وتارە ئاینییەکان بکرێت، هەموو ئەو ئاڕاستە و دەستەواژانەی بیری کۆنەپارێزی و بەکەم سەیرکردنی تواناکانی ژنان ئەبوژێننەوە قەدەغە بکرێت.

 

"دەبێت چاودێری ئەو ڕیکلام و گۆرانی و درامایانە بکرێت کە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ژنان و ڕۆڵ و کاریگەریان بچوک دەکەنەوە و بە تێکدەر و زۆربڵێ و دووزمان و زمان درێژ و بێکەڵک پیشان دەدات."

 

دەبێت چاودێری یاسا و پڕۆگرامی خوێندن بدرێت

هەروەها وتیشی: "دەبێت بابەتی یەکسانی و وەک یەک سەیرکردنی تواناکانی مرۆڤ لە پڕۆگرامی خوێندندا جێگیربکرێت و سزا هەبێت بۆ هەر مامەڵەیەکی مامۆستایان، کە جیاوازیە ڕەگەزیەکان تۆختر ئەکاتەوە، دەبێت چاودێری جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە بکرێت کە لە بەرژەوەندی ژنان هەموار کراونەتەوە و بە بڕیاری تەمیزیی و بەهۆی بیرکردنەوەی بەشێک لە دادوەرەکانەوە جێبەجێناکرێن.

 

دەبێت چاودێری ئەو بانگخواز و مامۆستا ئاینیانە بکرێت کە وتارەکانیان دژایەتی ژن و جلوبەرگ و هەڵسوکەوتی ژنانی لێدەربهێنرێت، دادەمێنن بۆ گوتارێک، دەبێت ڕێگە بە هیچ کەسێک نەدرێت، شوێن و پێگەی کۆمەڵایەتی هەرچیەک بێت، بۆ بەناوبانگ بوون یان سەرنج ڕاکێشان، سوکایەتیکردن بە ژنان بکاتە ئامڕاز".

 

لە کۆتایشدا پەیمان عیزەدین دەڵێت: کارکردن بۆ قەدەغەکردنی کوشتنی ژنان، کارکردنێکی قوڵ و فرە ڕێگا و سەرچاوەیە بەڵام گرنگ و کاریگەرە.