بەیاننامەی هاوبەشی وڵاتانی دەریای ناوەڕاست دژی قەیرانی کەشوهەوا

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرکردەکانی وڵاتانی دەریای ناوەڕاست-سپی کە سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی ئاگری دارستانەکانن، داوایان لە وڵات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ڕێوشوێنی خێرا و کاریگەر لە دژی قەیرانی کەشوهەوا بگرنەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرکردەکانی وڵاتانی دەریای ناوەڕاست-سپی، کە پێکدێن لە وڵاتانی کرواتیا، ئیتاڵیا، ماڵتا، پورتوگال، سلۆڤینیا و یۆنان، سەبارەت بە قەیرانی کەشوهەوا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بە ناونیشانی "بانگەوازی دەریای ناوەڕاست" بڵاوکردەوە و جەختیان لەوە کردەوە، کە قەیرانی کەشوهەوا ئێستا گۆڕاوە بۆ "باری نائاسایی".

 

"قەیرانی کەشوهەوا گەیشتووەتە ئاستێکی تەقینەوە"

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکرا، کاریگەرییەکانی وەک گەرمایەکی زۆر، لافاو، ئاگرکەوتنەوە، بیابانبوون، بڕینی ئاو و کارەبا بە تایبەتی لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست توندن، هەروەها هاتووە، "وەک چاوەڕوان دەکرا قەیرانی کەشوهەوا گەیشتووەتە ئاستی تەقینەوە، بەجۆرێک ئێستا باس لە 'باری نائاسایی کەشوهەوا' دەکرێت، ڕووداوە سروشتییە توندەکان ئیکۆسیستمەکان لەناو دەبەن و مەترسی لەسەر ژیان و شێوازی ژیانی ڕۆژانەمان دروستدەکەن، کاتمان نییە بەفیڕۆی بدەین، نابێت سازش لەبەر هۆکاری سیاسی و ئابووری بکرێت، پێویستە هەنگاوی دەستبەجێ و کاریگەر بنێین، پێویستە هەموو وڵاتانی دەریای ناوەڕاست بە هەماهەنگی مامەڵە بکەن و پێکەوە هەوڵبدەن بۆ وەستان و پێچەوانەکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی کەشوهەوا".

 

لە بەیاننامەکەدا سەرۆکی دەوڵەتان، زۆران میلانۆڤیچ، سێرجیۆ ماتارێلا، جۆرج ڤێلا، مارسێلۆ ڕێبێلۆ دی سۆسا، ناتاشا پیرچ موسار و کاترینا ساکێلارۆپۆلۆ ڕایانگەیاندووە، "ئەرکی ئێمەیە لەم بوارەدا مامەڵە بکەین و سیاسەتی کۆنکرێتی لە دژی ئەم هەوڵە جێبەجێ بکەین، هەروەها تیشک دەخەنە سەر ئەخلاقی بەرپرسیارێتی ژینگەیی و هۆشیاری گشتی، کە نەک تەنها بۆ ئەمڕۆ، بەڵکو بۆ داهاتووی منداڵان و نەوەکانی داهاتوو جێبەجێ بکرێت، دەشڵێن: یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی دەریای ناوەڕاست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پێویستە ئەم پرسە لە کارنامەی سیاسی خۆیاندا بهێڵنەوە.