فەلەستینییەکان: ئازاری ژنان دوای بوومەلەرزەکە دوو هێندە زیادی کرد

لە شەشی شوباتدا بوومەلەرزەیەک لە چەند ناوچەیەکی تورکیا و سوریا، باکوور وڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەدا دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسی دیکەش لە دۆخێکی سەختدا ماونەتەوە.

نەغم کەراجە

 

غەزە- چەندین ژنی فەڵەستینی دوای کارەساتی بوومەلەرزەکە هاودەنگی و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلانی تورکیا و سوریا، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دووپات کردەوە و جەختیان لەسەر پێویستی هاودەنگی نێودەوڵەتی و پێشکەشکردنی خێرای یارمەتییەکان و دەستپێکردنی دەستپێشخەرییە مرۆییەکان کردەوە.

 

چالاکوانی فێمینیست، نەسرین ئەبو عەمرە، هاوسۆزی خۆی بۆ ئەو ژن و منداڵانە نیشاندا کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و وتی: "هاوسۆزی خۆمان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە نیشان دەدەین ئێمە بیرمان نەدەکردەوە کە ڕادەی وێرانکارییەکە بگاتە ئەم ئاستە و لە کاتێکدا منداڵان زۆرترین قوربانین، بەتایبەتی دوای ئەو دیمەنە سەخت و ساتە ترسناکانەی بەسەریاندا تێپەڕیوون، بووەتە هۆی ئاوارەبوونیان لە ماڵەکانیان لە سەرمای سەختی زستان."

 

ڕوونیشیکردەوە، ژنان لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دوو هێندە زەرەرمەند دەبن، بەو پێیەی لە وڵاتێکدا دەژین کە ساڵانێکە شەڕ و گەمارۆدانی تێدایە، "ئەو کارەساتە بارگرانی گوشارەکانی لەسەر ژنان لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر کرد، وڵاتێکی خاڵی لە خزمەتگوزاری و توانا سەرەتاییەکان بۆ ئاسانکردنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی، لە کاتێکدا بڕیارە ژنانی ئەو وڵاتەش وەک ژنانی دیکەی جیهان بە ئارامی و ئاسایشەوە بژین".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، " زۆر خێزان هەن بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویست تیمەکانی فریاکەوتن نەیانتوانیوە دەستیان پێ بگات، بەو پێیەی تیمەکانی هەندێک لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان گوێیان لە دەنگەکان بووە و دواتر بە دەستیان هەڵیانکەندووە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بکەن".

 

 ئاماژەی بەوەشدا کە دۆخی ئەو دوو وڵاتە زۆر خراپە لە ئەنجامی ئاوارەبوونی خێزانەکان و زیانە گەورەکانیان، بەتایبەتی منداڵان، لە سەرمای سەختی زستان و نەبوونی شوێنی حەوانەوە، داوای پێویستی و بەدەستهێنانی هاودەنگی کۆمەڵایەتی بە پێشکەشکردنی یارمەتی و دەستپێشخەری مرۆیی کرد، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکان و دابینکردنی پێداویستی بۆ ژنان و منداڵان.

 

 

لە بەرامبەردا هەڵسوڕاوی سیاسی ئیکتمال حەمەد پەیوەندیی لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکوانی دیکە کرد بۆ دابەشکردنی یارمەتی مرۆیی بەسەر خێزانە زیانلێکەوتووەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستاندا وەک شێوەیەکی هاوکاری و پشتیوانی، "ئێمە وەک ژنانی فەڵەستینی، هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە ڕادەگەیەنین بۆ ئەو زیانە قورسانەی کە بەریان کەوتووە و بە هەموو شتێک کە لە تواناماندا بێت دەستی هاوکاریان بۆ درێژ دەکەین."

 

ئیکتیمال حەمەد جەختی لەسەر پێویستی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان لە کەمپەکان کردەوە، و دابینکردنی شوێنی شیاوی نیشتەجێبوون بە زووترین کات بۆ خۆیان و خێزانەکانیان تا هەست بە سەلامەتی بکەن.

 

 

بەرپرسی یەکێتی لیژنەکانی چالاکیی ژنان، ئاریج ئەشقار، سەختی زیانەکانی بوومەلەرزەکەی بۆ ژیانی ژنان و منداڵان ڕوونکردەوە و وتی: "سەدان خێزان ماڵ و کەلوپەلی سەرەکییان بۆ ژیان لەدەستداوە، بۆ منداڵیش ئەستەمە خۆی لەگەڵ ئەو شوێنانەدا بگونجێنێت کە گەرمکەرەوە و پێداویستییەکانی ژیانیان تێدا نییە، ئەم کارەساتانە بۆ ژنان بە هێمای خۆڕاگری دادەنرێت لە کاتێکدا ڕووبەڕووی ئەو دۆخە دەبنەوە کە ئێستا تیایدا دەژین".