سەدان ئاوارە لەشاری سلێمانیەوە گەڕانەوە زێدی خۆیان

٤٦۹ ئاوارەی دیكەی پارێزگای سەڵاحەدین كە لە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێبون گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، ۷۷ خێزانی دیكەی ئاوارە كە ژمارەیان ٤٦۹ كەسە لە پارێزگای سلێمانیەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە ناوچەی قەرەغول سەربە قەزای دوجێل لەباشوری پارێزگای سەڵاحەدین.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە تائێستا ۱۷۷ خێزان كە ژمارەیان  یەک هەزارو ۱٦ كەسە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە پارێزگاكە، هەروەها ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە هاوكارییە مرۆییەكان دەیانگرێتەوە.

 

رۆژی ۱۹ی ئەم مانگە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاندبوو، ٥٤۷ ئاوارەی دیكە كە لە پارێزگاكانی سلێمانی و دیالە نیشتەجێبون گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

 

ئەو خێزانانە لە پارێزگای سەڵاحەدین كە بەهۆی هێرش و پەلامارەكانی داعش بۆ سەر بەشێك لە ناوچەكانی عیراق لەساڵی  ۲۰۱٤ نزیكەی ٥ ملیۆن و ٥۰۰ هەزار عیراقی دەربەدەربوون كە بەشێكیان وەك ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردو بەشێكی دیكەشیان وەك پەنابەر ڕوویان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەوروپا كرد.