سەدان کەسایەتی مەدەنی و سیاسی داوای ئازادکردنی دەستبەجێی زەهرا تەباری دەکەن
زیاتر لە ٤٠٠ کەسایەتیی ژنی جیهانی کە چوار خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆکی پێشووی حکومەت داوایان لە تاران کردووە دەستبەجێ زەهرا تەباری، ئەندازیار و چالاکی ئێرانی ئازاد بکات.
ناوەندی هەواڵ
سەدان کەسایەتی مەدەنی و سیاسی لە نامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە ئەگەری لەسێدارەدانی زەهرا تەباری چالاکوانی ئێرانی دەربڕی.
لە نامەکەدا کە واژۆی زیاتر لە ٤٠٠ ژنی دیار لە سەرانسەری جیهاندا لەسەرە، ڕوونیکراوەتەوە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا زەهرا تەباری زیندانی سیاسی دوای دادگایییەکی ساختە کە کەمتر لە ١٠ خولەکی خایاند و لە ڕێگەی زوومەوە بەبێ ئامادەبوونی پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی بەڕێوەچووە.
نامەکە لەلایەن ڕێکخراوێکی لەندەن بە ناوی "دادپەروەری بۆ قوربانیانی کۆمەڵکوژی ساڵی ١٩٨٨ لە ئێران" ئامادەکراوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە زەهرا تەباری تەمەن ٦٧ ساڵ تەنها بەهۆی هەڵگرتنی تابلۆیەک کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لەسەرە، ڕووبەڕووی ئەم سزا توندە دەبێتەوە.
لەبەرامبەردا میدیای دەوڵەتی ئێران ڕووماڵی دۆسیەکەی نەکردووە و تا ئێستاش هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی بۆ ئەو سزایە نەبووە.
هەروەها هەشت پسپۆڕی سەربەخۆی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد دەستبەجێ لەسێدارەدانی زەهرا ڕابگرن و جەختیان لەوە کردەوە کە سزادانی تەنها لەسەر بنەمای پانکارتێک بووە کە هەڵیگرتبوو و پەیامێکی دەنگیی بڵاونەکراوە بووە، هەروەها ئەو سزایانەی کە لە دژی ناوبراو دەرکراون، هیچ بنەمایەکی یاسایی دادپەروەرانەیان نییە.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لەوە کردەوە کە پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە ئێران پەسەندی کردووە، تەنیا لە قورسترین تاوانەکاندا ڕێگە بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەدات و ڕوونیکردەوە کە دۆسیەی زەهرا تەباری هیچ کوشتنێکی بە ئەنقەست لەخۆناگرێت، بەڵکو پێشێلکاریی جددی ڕێکارەکانی دادگاییکردن ئاشکرا دەکات، جەختیان لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی سزاکە لەم جۆرە هەلومەرجەدا لەسێدارەدانی ئارەزوومەندانە پێکدەهێنێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، راگەیەندراوێک کە سەرۆککۆمارانی پێشووی سویسرا و ئیکوادۆر لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشووی فینلاند، پیرۆ، پۆڵەندا و ئۆکرانیا واژۆیان لەسەر کراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم بابەتە گوزارشت لە ڕادەی ئەو ئازارە دەکات کە ژنان بۆ دەیان ساڵە لە ئێران ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، لە وڵاتێکدا کە ئەمڕۆ زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنان لە جیهاندا هەیە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویجە، ڕاپۆرتی دا کە دەسەڵاتدارانی ئێران لەم ساڵدا زیاتر لە ٤٠ ژنیان لە سێدارە داوە. ئەم ژمارە زۆرە گوزارشت لە سەرکوتی سیستماتیکی ژنان لە ئێران دەکات.