سەعدە خدرزادە، لە زیندانی ئورومیە دەرنەکرا
سەعدە خدرزادە لە زیندانی ژنانی ئورومیە زیندانی کراوەو سەرەڕای ئەوەی دووگیانە لە زیندان دەرنەکراوە.
ناوەندی هەواڵ
سەعدە خدرزادە، تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی پیرانشارە، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دەستگیرکراوە، لە ئێستادا لە بەشی ژنانی زیندانی ناوەندی ئورومیە زیندانی کراوە، بەدەر لەوەی دووگیانە و لەژێر چاودێری پزیشکدا نییە، لە سێ مانگی ڕابردوودا مافی ڕاوێژکردن و گەیشتن بە پارێزەری ڕەتکراوەتەوە.
هەرچەندە پزیشکە پسپۆڕەکان دەستنیشانیان کردووە کە دووگیانیەکەی سەعدە خدرزادە لە چوار مانگیدایە، بەڵام تووشی ئازاری سەختی دیسکی پشت و نەخۆشی دڵ بووە، هەروەها دادوەری لێکۆڵینەوە و بەرپرسانی زیندانی ناوەندی ئورومیە دژایەتی داواکارییەکەی کردووە بۆ ئازادکردنی کاتی بە کەفالەت.
ڕۆژی ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ هێزە ئەمنییەکان بەبێ ئەوەی کاغەزێکی دادوەری پێشکەش بکەن سەعدە خدرزادەیان دەستگیرکرد و دوو ڕۆژ دواتر گوازرایەوە بۆ بنکەی دەستبەسەرکردنی ئەو دەزگای ئەمنیە لە ئۆرومیە.
دوای ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەرکردن لە بنکەکانی دەستبەسەرکردنی پیرانشار و ئورمیە و تەواوبوونی ڕێکارەکانی لێپرسینەوە لە ڕۆژی دووشەممە ٨ی تشرینی دووەمەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندی ئورمیە.
تا ئێستا هۆکاری دەستگیرکردن و تۆمەتی گونجاو لە کەیسەکەی نەزانراوە.