سودان، کرێی خانوو دە هێندە زیادی کردووە

شەڕ و ململانێکانی سودان قەیرانەکانی بۆ خەڵک زیادیکردووە، نرخی کرێی خانوو و هۆتێل لەهەڵکشاندایە، بە جۆرێک خەڵک توانای دابینکردنی شوێنی مانەوەی نەماوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕ و ململانێکانی سودان چەندین دەرەنجامی زیانبەخشی بۆ هاووڵاتیان هەبووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵکی توڕەی خۆیان بەرامبەر قەیرانەکان نیشاندەدەن وەک بەرزبوونەوەی نرخی کرێی خانوو، هۆتێل و شوقە لە شارە جیاجیاکانی سودان.

 

خەڵکی پێیان وایە خاوەن موڵک و خانووەکان هەوڵدەدەن سوود لە دۆخەکە ببینن، نرخی کرێی خانوو پێش دروستبوونی شەڕ و ململانێکان لە ناوچەکانی باکووری سودان ساڵانە ٦ ملیۆن لیرەی سودانی بووە، لە کاتێکدا بەهای کڕینی تەواوی خانووەکە لە نیوەی ئەو بڕە زیاتر نەبووە، واتە سێ ملیۆن لیرەی سودانی کە یەکسانە بە ٥ هەزار دۆلار ئەمریکی.

 

لە بەرامبەردا خێزانێکی سودانی باسیان لە ئەزموونی خۆیان لە بەکرێگرتنی شوقەیەک لە شاری واد میدانی ناوەڕاستی سودان کردووە، خێزانێکی سێ کەسی کاتێک لە خەرتوم هەڵدێن و دەیانەوێت لە شاری واد شوقەیەک بە کرێ بگرن، کاتێک چوون بۆ بینینی بۆ ئەوەی لەگەڵ خاوەنەکەیدا ڕێک بکەون، شوقەیەک بە کەلوپەلی ناوماڵەوە کە سەرجەمیان کۆنبوون و لە ژوورێک پێکهاتووە کە دابەشکراوە بەسەر دوو نیوەی نایەکساندا کە بە دار جیاکراونەتەوە، چوار قەرەوێڵەی کۆنی تێدایە و بەشی بچووکتر چێشتخانەیەکی بچووک و حەمامێکی تایبەتی تێدایە، بۆ ماوەی یەک ڕۆژ داوای ١٥ هەزار لیرەی سودانی لە خاوەنەکەی کردووە، کە یەکسانە بە نزیکەی ٢٥ دۆلاری ئەمریکی.

 

لە ویلایەتە جیاجیاکانی سودان بەهای خانووی بەکرێدان بۆ زیاتر لە دە هێندە زیادی کردووە، پێش شەڕیش بەهای بەکرێدانی خانوو لەوێ لە ٥٠ هەزار لیرەی سودانی تێنەپەڕیوە کە یەکسانە بە ٤٠ دۆلاری ئەمریکی.

 

ئێستا نرخی کرێی خانوو لە ٣٠٠ هەزار لیرەی سودانییەوە دەست پێدەکات کە بەرامبەرە بە ٥٠٠ دۆلاری ئەمریکی تا ٦٠٠ هەزار لیرەی سودانی کە بەرامبەرە بە هەزار دۆلاری ئەمریکی، نرخی کرێی شوقە بە کەلوپەلی ناوماڵەوە لە هەندێک ناوچەدا گەیشتە یەک ملیۆن لیرەی سودانی کە یەکسانە بە هەزار و ٧٠٠ دۆلاری ئەمریکی، بەڵام ئەم زیادبوونە هیچ سوودێکی زیادەی لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و ئاوی لەگەڵدا نەبووە و بەدەست لاوازییەکی توندەوە دەناڵێنن.