کۆڕێک بۆ ناساندنی ڕۆمانی دایە بەڕێوەچوو

لە شاری سلێمانی کۆڕێک بۆ ناساندنی ڕۆمانی دایە "ڕێگە درێژەکەی ڕەنج و تێکۆشانی دایە یادە" کە لەلایەن وەرگێڕ ڕۆزا حەمە ساڵح، کە لە زمانی عەرەبی وەرگێڕانی کوردی بۆ کردووە بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، کۆڕێک بۆ ناساندنی ڕۆمانی دایە "ڕێگە درێژەکەی ڕەنج و تێکۆشانی دایە یادە" بەڕێوەچوو، ئەم ڕۆمانە لە بڵاوکراوەی ناوەندی ژنۆلۆژییە ڕۆزا حەمە ساڵح لە زمانی عەرەبییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

 

هەڤاڵ یادە بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی سەردانی دەرەوەی وڵاتی کردووە، هەر بۆیە بە سکایپ بەشداری کۆڕەکەی کرد، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە گرنگی بە ژیانی دەدرێت، سوپاسی ڕۆزا حەمە ساڵحیشی کرد، لەپای ماندوبوونی بۆ وەرگێڕانی ڕۆمانەکە بۆ کوردی.

 

ڕۆمانی دایە "ڕێگە درێژەکەی ڕەنج و تێکۆشانی دایە یادە" زنجیرەی ١٠ی ناوەندی ئەکادیمی بڵاوکراوەکانی ژنۆلۆژییە، لەلایەن ڕووناک مورادەوە بەزمانی عەرەبی  نووسراوە،  لە ٥٢٦ لاپەڕە بە قەبارەی ١٤*٢٠ پێکهاتووە و باس لە خەبات، تێکۆشان و خۆنەویستی ژنێکی شۆڕشگێڕی شاری سلێمانی دەکات بە ناوی درەخشان میرزا ئیبراهیم ناسراو بە "هەڤاڵ یادە."

 

ڕۆزا حەمە ساڵح وتی، نازناوی هەڤاڵ یادە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بەخشراوە بە درەخەشان میرزا کەریم کاتێک لەسەر داواکاری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەچێت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بە مەبەستی وەرگرتنی خولی پەروەردەیی و بۆ ماوەیی دوو مانگ لەوێ دەمێنتەوە و وانەی پەروەردەی بە ژنان دەڵێتەوە.

 

ڕۆزا حەمە ساڵح ئاماژەی بەوەکرد: ڕۆمانەکە باس لە ژیانێکی تراژیدیی ژنێکی شۆڕشگێڕ و چاونەترسی شاری سلێمانی بە ناوی درەخشان میرزا ئیبراهیم دەکات، لەلایەن ژنە نوسەرێکی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوی ڕووناک مورادەوە بە زمانی عەرەبی نووسراوە.

 

ڕۆزا حەمە ساڵح هۆکاری وەرگێڕانی ڕۆمانەکەی بۆ سەر زمانی کوردی خستەڕوو، هێز و ئیرادەی ئەو ژنە تێکۆشەرە لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە زۆر کاریگەریی کردوەتە سەر هەست و سۆزیی، کە لەپێناو خەباتی نەتەوایەتی و ئازادی گەلی کورد تێکۆشاوە، هانی ژنانی داوە کە بێنە مەیدان و لەسەر پرسەکانیان شۆڕش بکەن، لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەشی ڕووبەڕووی مەترسی ژیانی بووەتەوە لەلایەن دوژمنانی گەلی کورد.

 

وتیشی: ڕۆمانەکە پێشکەشی درەخشان میرزا ئیبراهیم ناسراو بە دایە یادە دەکات، لەگەڵ سەرجەم ئەو ژن و دایکانەی لە پێناو ئازادی کورستان شۆڕش دەکەن، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە خەبات و تێکۆشانی درەخشان ئیبراهیم دژی داگیرکەرانی کوردستان و فاشیزمەکان دەخاتەڕوو.

 

لە کۆتایی کۆڕەکەدا بەرهەمێکی تری وەرگێڕ ڕۆزا حەمە ساڵح، کە پێکهاتبوو لە کۆمەڵە شعرێکی نزار قەبانی بە دیاری بەخشرا بە ئامادەبووان.