کۆنترۆڵی پەستانی خوێن سوودی بۆ مێشک دەبێت

توێژەرانی پزیشکی ڕایانگەیاندووە کاتێک پەستانی خوێن لە گەورەساڵانی سەروو تەمەنی ٥٠ ساڵدا چاودێری کراوە، کەمتر برینیان لە ماددە سپییەکانی مێشکدا هەبووە و مەترسی جەڵتەی مێشک بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرزی فشاری خوێن نەخۆشییەکی سووڕی خوێنە، هەموو بەشەکانی لەش بەندە بە سوڕی خوێن و زۆرێک لە ئەندامەکانیش بەدەست کاریگەری بەرزی فشاری خوێنی چارەسەرنەکراوەوە دەناڵێنن، یەکێک لەو ئەندامانەی کە زۆرترین مەترسی لەسەرە مێشکە.

 

پەستانی خوێن ئەو هێزە گرنگەیە کە خوێنی دەوڵەمەند بە ئۆکسجین دەباتە هەموو بەشەکانی جەستە، لە بەرامبەردا دڵ و خوێنبەرەکان لە ژێر کاریگەری ژمارەیەکی زۆر هۆکاری بۆماوەیی، هۆرمۆن، گۆڕانکاری، دەمار، دەروونی و شێوازی ژیاندان کە پەستانی خوێن دیاری دەکەن، لەبەر ئەوەی ئەم کاریگەرییانە زۆرن و ئاڵۆزن، پەستانی خوێن دەتوانێت لە خولەکێکەوە بۆ خولەکێکی تر و لە کاتژمێرێکەوە بۆ کاتژمێرێکی تر لە ماوەی ڕۆژدا بگۆڕێت.

 

توێژەرانی پزیشکی ڕایانگەیاندووە کاتێک پەستانی خوێن بە چڕی لە گەورەساڵانی سەروو تەمەنی ٥٠ ساڵدا چاودێری کراوە و لە ئاستی ستانداردا کۆنترۆڵ کراوە، بۆیان دەرکەوتووە کە نەخۆشەکان کەمتر برینیان لە ماددە سپییەکانی مێشکدا هەبووە و مەترسی جەڵتەی مێشک بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

 

نووسەرى توێژینەوەکە لە بەیاننامەیەکى هەواڵى لە سەنتەری زانستى تەندروستى زانکۆى تەکساس لە سان ئەنتۆنیۆ ڕایگەیاندووە، "توێژینەوەکەمان دەریدەخات کە دابەزاندنی پەستانی خوێنی سیستۆلیک بۆ خوار ١٢٠ ملم کاریگەرە لە پاراستنی تەندروستی مێشک بە بەراورد بە ئامانجە ستانداردەکانی چارەسەرکردن".

 

توێژینەوەکە شیکارییەکی بەدواداچوون بوو بۆ تاقیکردنەوەی کاریگەری پەستانی خوێنی سیستۆلیک، کە بەراوردێکی کردووە بە پاراستنی پەستانی خوێنی سیستۆلیک لە کەمتر لە ١٢٠ ملم "ئەوەی توێژەران ناویان ناوە کۆنترۆڵی چڕ" لەگەڵ کۆنترۆڵکردن لە کەمتر لە ١٤٠ ملم "کە ناویان لێنابوو ستاندارد"، بە بەشداریکردنی ٤٥٨ بەشداربوو کە تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ زیاترە و بەرزی پەستانی خوێنیان هەبووە و نەخۆشی شەکرەیان نەبووە یان پێشینەی جەڵتەی مێشکیان هەبووە.

 

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی کە چارەسەری پەستانی خوێنیان وەرگرتووە، کەمبوونەوەی برینەکانی ماددە سپییەکان لە بەشی پێشەوە و دواوەیان نیشانداوە، کە ئەم برینانە دەتوانن پەیوەندییان بە نەخۆشی زەهایمەر و تێکچوونی مەعریفی غەیرە زەهایمەر و پیربوونی پێشکەوتووی مێشکەوە هەبێت.

 

ئەو نەخۆشانەی کە کۆنترۆڵکردنێکی توندتری پەستانی خوێنیان هەبووە، هەروەها ڕۆیشتنی خوێنیان باشتر بووە، ئاماژەیە بۆ باشتربوونی تەندروستی گشتی مێشک، بەگوێرەی توێژینەوەکە چارەسەری پەستانی خوێن دەتوانێت برینداربوونی خوێنبەرەکانی مێشک خاو بکاتەوە.

 

هەروەها توێژینەوەکە دەریدەخات کە ناوچە تایبەتەکان سوودی زیاتریان هەیە، نوێنەرایەتی ناوچە هەستیارەکان دەکەن بۆ بەدواداچوون لە تاقیکردنەوەکانی داهاتوودا کە هەڵسەنگاندنی نەخۆشییەکانی مێشک کەم دەکاتەوە.

 

توێژەران ئاماژەیان بەوەداوە کە لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ دیاریکردنی ئامانجە گونجاوەکانی پەستانی خوێن و ستراتیژی چارەسەرکردن بۆ گروپە جیاوازەکانی دانیشتووان، هەروەها بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە لاوەکییە ئەگەرییەکانی چارەسەری چڕ و و بەرزی پەستانی خوێن.