ناردنی کورتە نامە بۆ هەڕەشەکردن و ترساندنی خەڵک

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای لێدوانەکەی ئەحمەدڕەزا سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەی ژنان لە حیجابی زۆرەملێ، چەندین کورتەنامە نێردراوە بۆ هەڕەشەکردن و تۆقاندنی هاووڵاتیان.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرماندەی گشتی هێزەکانی پۆلیسی ئێران، ئەحمەدرەزا ڕەدان، هەڕەشەی لە ژنانی دژی حیجابی زۆرەملێ کرد و ڕایگەیاند کە هێزی پۆلیس کامێرای سی سی تی ڤی و سیستەمی زیرەک سوود وەردەگرێت لەسەر ئاستی شار، لە ڕۆژی شەممەوە دەستی کرد بە ناساندنی ژنانی بێ حیجابی زۆرەملێ و ڕایگەیاند، ئەگەر ئاگادارکردنەوەیەکیان پێ بگات و دووبارەی بکەنەوە ناڕازییانی حیجابی زۆرەملێ دەخرێنە بەردەم دادگاکان.

 

دوابەدوای لێدوانەکەی ئەم بەرپرسە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کورتەنامەی هۆشداری و هەڕەشەکردن لە ژنانی دژی حیجابی زۆرەملێ بۆ هاووڵاتیان نێردراوە، ناردنی ئەم کورتە پەیامە هەڕەشەئامێزانە کە بە وتەی بەرپرسان دوو میلیارد تۆمانی تێچووە، لە کاتێکدا ڕوودەدات کە خەڵکی ئێران ڕووبەڕووی چەندین کێشەی ئابووری بوونەتەوە.

 

هەروەها لە دوای لێدوانە گرژی دروستکەرەکانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی پۆلیسی ئێرانەوە، بەشی شوێنەکان و قەدەغەکردنیش هێرشی کردووەتە سەر دوکان و ناوەندەکانی بازرگانی لە شارە جۆربەجۆرەکان و دوکانەکانیان مۆر کردووە و بە بیانووی جێبەجێنەکردنی حیجابی زۆرەملێ.

 

هەڕەشەکانی ئەحمەدرەزا ڕادان کاردانەوەی جۆراوجۆری هاووڵاتییانی بەدواوە بووە و لەبری ئەوەی لەو هەڕەشانە بترسن بە پێچەوانەوە هاووڵاتیان بە نوکتە و بێباکییەوە ئەم بابەتە پشتگوێ دەخەن و زۆرێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا ڕایانگەیاندووە کە لە هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران ناترسن و بە بڵاوکردنەوەی وێنە بەبێ حیجابی زۆرەملێ لە شوێنە جیاجیاکان دەستبەرداری داواکارییەکانیان نابن.

 

هەروەها، زۆرێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکانی مەدەنی، لە وەڵامی لێدوانەکانی ئەحمەدڕەزا ڕەدان، جەختیان لەسەر بێتوانایی پۆلیس کرد لە ناسینەوەی تاوانبارانی ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکان، ناسینەوەی دز و زەوتکەرەکان، هەروەها هۆکارەکانی دیکە کە نائەمنی شارەکان.