پلاتفۆڕمی "یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد-باشووری کوردستان" رادەگەیەندرێت
بێخاڵ پینجوێنی، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری پلاتفۆڕمی "یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد-باشووری کوردستان" دەڵێت: وتاری پلاتفۆڕمەکەمان لەسەر یەکبوونی کورد دەبێت.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ بڕیارە سبەینێ ٥ی تەمووزی ٢٠٢٥، لە هۆڵی کتێبخانەی تەوار لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژنانی سیاسەتمەدار و چالاکوانی بواری ژنان، هونەرمەندان و نووسەران و کەسانی سەربەخۆ پلاتفۆڕمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد- باشووری کوردستان ڕابگەیەندرێت، ژنانی لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکانی ژنانی باشووری کوردستان، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانەوە ئامادە دەبن و پێکەوەیی هاوخەباتی و هاتنە پال یەکدی قبوڵ دەکەن، کە پلاتفۆڕمێکە کار بۆ یەکێتی و یەکڕیزی ژنان لە باشووری کوردستان دەکات، هەنگاوێکە بۆ کاری پێکەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و کێشە نەتەوەییەکان. کە تێیدا درێژە بە کۆنفرانسەکانی ژنانی پارچەکانی وەک ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان دەدەن.
"ئێمەی ژنان بە ئامانجی هاتنە پاڵ یەکدی هەڵدەستین بە ئەنجامدانی پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان"
بێخاڵ پینجوێنی، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری پلاتفۆڕمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد- باشووری کوردستان وتی: لەسەر بنەمای یەکڕیزی ژنانی باشووری کوردستان، ئێمەی ژنان هەستاوین بە ئامادەکاری و ڕێکخستنی پلاتفۆڕمێک، کە تێیدا ژنانی باشووری کوردستان خۆیان بۆ سێیەمین کۆنفڕانسی ژنان لە ناوچەکەدا دەکەن، کە پێکهاتووە لە ژنانی نوێنەری سەرجەم لایەن و پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، کە ٥ی تەمووزی ٢٠٢٥ ڕۆژی شەمە لە هۆڵی کتێبخانەی تەوار، بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٤٠ ژنی ئازادیخواز و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و لە سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکان و نووسەران، ساز دەکرێت، لە ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسەدا ئێمەی ژنانی باشووری کوردستان هاوشێوەی کۆنگرەکانی ژنانی باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان ئامانجمان پێکەوەی تەواوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، تا بتوانین لە چوارچێوەی کێشە و ئاریشەکانی ناوچەکەدا گفتوگۆی قوڵ ئەنجام بدەین، هەروەها پێکەوەی و هاتنە پاڵی ژنانی تەواوی لایەنەکان لە کۆنگرەی نەتەوەی ژنانی باشووری کوردستان بۆ چارەسەر کردنی سەرجەم توندوتیژی و ڕێگریی و کۆسپ و تەگەرەکانی ژنانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە چوارچێوەی کارو خەباتی ژناندا دەبینین لە مێژە ژنان خەباتی سیاسی و چەکداری و کۆمەڵەایەتییدا بەشداری دەکەت، لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگەکاندا ژنان ڕۆڵیان لە پاراستنی خاک و نیشتماندا هەبووە، لە ئەنجامدانی جەنگەکاندا ژنان بەردەوام ڕووبەڕووی ئاستەنگی قوڵ دەبنەوە، یان ڕووبەڕووی کاولکاری و ئاوارەبون و دەستدرێژییە سێکسیەکان دەبنەوە، ئامانجما نەهێشتنی دەستدرێژیەکانە بۆسەر ژنان لە ناوچەکەدا، دەمانەوێت ژنان وەک هێز و توانا لە کۆمەڵگەکەمدا بەرەوپێش ببەین.
"وتاری پلاتفۆڕمەکەمان لەسەر یەکبوونی کورد دەبێت"
وتیشی: کۆمیتەکەمان لە ٢٥ ئەندامی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ناوچەکە پێکهاتووە، لە چەندین ژنانی سیاسەتمەدار و چالاکوان و پەرلەمانتار پێکهاتووە، بە ئامانجی دیاریکراو کار بۆ پێکەوەیی سەرجەم ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین، سەڕەڕای ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنان لە پلاتفۆڕمەکەدا هەوڵ و ئامانجمان ئاستەنگییەکان بۆ سەرجەم ژنان لابدەین، وتاری پلاتفۆڕمەکە لەسەر یەکبوونی کورد دەبێت، کە لە ٤٥ پێکهاتە لە باشووری کوردستاندا بە ئامانجی گەیاندنی کار و چالاکییەکانی ژنانی کورد لە ناوچەکەدا بە تەواوی جیهان بگەیەنین، هەروەها کۆمیتەی ئامادەکاری ژنانی باشووری کوردستان لە ١٥ بۆ ٢٠ ژنی کارا پێکدێت، کە هەستاون بە ئامادەکاری و ناردنی بانگێشتنامە بۆ ژنانی سیاسەتمەدار و چالاکوان و پەرلەمانتارانی باشووری کوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچەکەکانی کوردستان بەشداری تیدا دەکەن، بە ناونیشانی "یەکڕیزی ژنانی کورد" کار و چآلاکییەکانی ڕۆژەکەمان ئەنجام دەدەین، دواتر میوانەکان بانگێشتی گفتوگۆی چڕوپڕ دەکرێن، پاشان بیروڕاکانی ژنان ئاڵوگۆڕدەکرێت، لە کۆتایدا کۆمیتەی ژنانی کورد لە ناوچەکەدا بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئامانج و کار و جەباتی بۆ کۆنگرەی چوارەم و تەواوی کۆنفڕانسەکە دەخاتە ڕوو.
"ژنان ڕۆژانە لەژێر چەپۆکی ئەقڵیەیەتی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا دەژین"
بێخاڵ پێنجوێنی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەو ئاستەنگیانەی ژنانی ناوچەکە ڕووبەڕووی دەبنەوە پێویستی بە هاتنە پاڵ یەکدی و سەرجەم لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان هەیە، ئێمەی ژنان بە ئامانجی هاتنە پاڵ یەکدی هەڵدەستین بە ئەنجامدانی ئەو کۆنفرانسە، تا بتوانین ژنان پێکەوە هەوڵ بۆ بەدەستخستنی ئامانەکانمان بدەین، ژنان ڕۆژانە لەژێر چەپۆکی ئەقڵیەیەتی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا دەژین، هەردەم ڕوبەڕووی شکان و دەستدرێژیەکان بۆسەر مافەکانی دەبێتەوە، لەژێر ئازادی بەلاڕێدابراودا ئازادیان بەژن بەخشیوە، سیستمی سەرمایەداری ئازادی لە قاڵبداوە بۆ ژنانی ناوچەکە، لە کۆنفڕانسەکەدا ئامانجمان هاتنە ناو بازنەی پێکەوەیی سەرجەم دایکان و ژنانی باشووری کوردستانە، تا بتوانین لە کۆتاییدا ژنانی تەواوی پارچەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێکەوەیی بچینە پاڵ یەکدی، بۆ بەدەستخستن و گرتنەدەستی سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان، ژنان بچنە کایە سیاسی و فەرمانڕەوایەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێمە بانگەوازی بۆ تەواوی ژنانی باشووری کوردستان دەکەین، بەشداری بکەن، تا بتوانین بیروڕاکانیان ئاڕاستەی یەکدی بکەن، ڕێگە چارەسەری بۆ کێشەکانی ژنان بکەین.