سبەینێ ڕاوێژی ژنانی ئێزدی و عەرەب لە شەنگال بەڕێوەدەچێت

بە پێشەنگایەتی تاژێ، سبەینێ لە تلعوزێر لە شەنگال ڕاوێژی ژنانی ئێزدی و عەرەب بە دروشمی "یەکێتی و تێکۆشانی ژنان زامنی پاراستنی ژنە" بەڕێوەدەچێت و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، سەبیحە سەبری وتەبێژی تاژێ وتی: ئامانجمانە بەم ڕاوێژە بتوانین وەک ژنانی هەموو نەتەوەکانی دانیشتووی عێراق کۆببینەوە و بە ڕێکخراوێکی فراوانەوە ڕێگری لە جینۆسایدکردنی ژنان و کۆمەڵگاکان بکەین.

 

ئەڤین زیندا

شەنگال-  لە هەر شەڕ و کۆمەڵکوژییەکدا کە لەلایەن دەوڵەتە دەسەڵاتخوازەکانەوە بە ئەقڵییەتی نێرینەوە لەسەر کۆمەڵگە ئەنجامدەدرێت ژنان قوربانی یەکەمن، ژنان لە ڕووی دەروونی و جەستەیی و کولتوورییەوە ڕووبەڕووی لەناوبردن دەبنەوە کە دەکرێت بوترێت پڕۆژە یاسای ئێستای جەنگ بەسەر ژناندا سەپێنراوە و کۆمەڵگا بەرەو شکاندن و بێناسنامەیی دەبات.

 

لە هەموو شەڕ و کۆمەڵکوژییەکی دژ بە ژنان بەڕێوەدەچێت، هەوڵ و تێکۆشانی ژنان بۆ بوون بە هێزێک لە دژی سیاسەتی نێرسالاری لە زیادبوون دایە، بۆ نمونە ژنانی ئێزدی کە دوای فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ ئیرادە و هێزێکی بەهێزیان هەبوو بۆ وەستانەوە لە بەردەم هێرشکردنە سەر ناسنامەی کۆمەڵگەی ئێزدی.

 

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، لەسەر بنەمای پاراستن و ڕێکخستن و بەهێزکردنی ژنانی ئێزدی خۆی دامەزراندووە، هەروەها بۆ تۆڵەکردنەوەی ژنانی ئێزدییە کە بە دەستی چەتەکانی داعش بە دڕندانە هێرشیان کرایەوەسەر، تاژێ بە باوەڕ و هیوایە کە ژنان دەتوانن بە ڕێکخستنبوونی خۆیان ببنە قەڵغان لە بەردەم فەرمان و کۆمەڵکوژییەکاندا.

 

ڕاوێژی ژنانی ئێزدی و عەرەب بەڕێوەدەچێت

سەبارەت بە پرسی فەرمانی سەر گەلی ئێزدی و کاریگەری لەسەر ژنانی سەرجەم پێکهاتەکانی دانیشتووی عێراق، سبەینێ ڕاوێژی ژنانی عەرەب و ئێزدی بە دروشمی "یەکێتی و تێکۆشانی ژنان زامنی پاراستنی ژنە" لە ناوچەی تلعوزێری شەنگال بەڕێوەدەچێت، سەبیحە سەبری، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە بارەی ئەو ڕاوێژەوە زانیاری خستەڕوو کە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 

سەبیحە سەبارەت بە ڕاوێژی ژنانی ئێزدی و عەرەب وتی: بە پێشەنگایەتی تاژێ ویستمان ڕاوێژ لەگەڵ ژنانی عێراق لە هەموو پێکهاتەکان بکەین، ئامانجمان لەم ڕاوێژە ئەوەیە کە وەک ژنانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەتوانین پێکەوە ڕێگە لە جینۆسایدی ژنان و کۆمەڵگاکان بگرین، وەک ژنانی ئێزدی ئازارێکی زۆرمان بینیوە لە هێرشەکەی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، نەک تەنها ژنە ئێزدییەکان، بەڵکو ژنانی عەرەبیش ڕووبەڕووی کوشتن و کۆمەڵکوژی بوونەوە.

 

سەبیحە ئاماژەی بەوەشدا کە دەیانەوێت لە ڕاوێژی ژنانی ئێزدی و عەرەبدا چارەسەرێک بۆ ئەو کێشانە بدۆزینەوە کە لە عێراقدا هەیە.

 

ت.پ