سەبیحا ئۆنار: پلانگێڕی دژی ڕێبەر ئاپۆ هەرگیز سەرکەوتوو نەبوو
سەبیحا ئۆنار، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی مەخموور ڕایگەیاند، پلانگێڕی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئامانجی لەناوبردنی گەلی کورد بوو، بەڵام شکستی هێنا.
مەخموور
لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ هێزە نێودەوڵەتییەکان بە پلانگێڕییەک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان گرت و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیایان کرد، ڕێبەری گەلی کورد ماوەی ٢٧ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی لەژێر گۆشەگیریی تونددا ڕاگیراوە، هەرچەندە لە مێژە مافی هیوا بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و هێزە پلانگێڕەکانەوە ڕێگری لەم کارە کراوە، هەروەها بەپێی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا "ECHR" که دەلێت مافی مافێکی بنەڕەتییە، نابێت زیندانیان لەو مافە بێبەش بکرێن.
سەبیحا ئۆنار، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی مەخموور لە ٢٧هەمین ساڵیادی پلانگێڕی نێودەوڵەتیدا بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد سەبارەت بەو پلانانەی کە لە ڕێگەی ڕێبەری گەلی کوردەوە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێن.
"ڕێبەر بە دیل گیرا بەڵام هەرگیز بە ئامانجەکەیان نەگەیشتن"
سەبیحا ئۆنار ڕایگەیاند، هەرچەندە مانگی شوبات مانگێکی پڕ لە ئازارە، بەڵام ئەو مانگەیە کە خەڵک لەسەر پێی خۆیان دەهێڵێتەوە و وتی: ٢٧ ساڵە هەوڵی دروستکردنی هۆشیارییەکی ڕەشیان لە مێشکی دایک و باوک و منداڵەکانماندا داوە، بەڵام لەم بابەتەدا سەرکەوتوو نەبوون و هەرگیز سەرکەوتوو نابن. تا دروشمی 'بژی ڕێبەر ئاپۆ' لەسەر زمانی منداڵەکانمان بێت هەرگیز ناتوانن هۆشی کورد لەناوببەن، ئەمە ڕۆحێکە کە لە دەوری ڕێبەر چێنراوە، ٢٧ ساڵە ڕێبەریان بە دیل گرتووە، بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە بە ئامانجی سەرەکی خۆیان بگەن، ٢٧ ساڵ کەم نییە و هیچ کەسێک بەو ئاستە ناتوانێت بەرخۆدان بکات، ڕێبەر ئاپۆ لە چوار دیواردا بە بیرکردنەوەکانی ئەم گەلە لەسەر پێی خۆی دەهێڵێتەوە. مرۆڤ کاتێک بیری لێدەکاتەوە، تێدەگات کە ئەوە هێزی هۆشیاری و کوردایەتییە کە ڕێبەر ئاپۆ لە خۆیدا چاندووە و وزەی پێدەبەخشێت کە ئەم گەلە ببێتە بازنەیەک لە دەوری خۆیان.
"هێزە پلانگێڕەکان ویستیان بانگەوازی ٢٧٧ی شوبات لەناوببەن و درێژە بە پلانگێڕییەکە بدەن"
سەبیحا ئۆنار لە وتارەکەیدا سەرنجی بۆ بەرخۆدانی گەلی کورد و بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک ڕاکێشا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:هێزە پلانگێڕەکان دەیانویست ئەم گەلە لەناوببەن، بەڵام نەیانتوانی لەناوی بەرن، و بە یەکڕیزی و بەرخۆدانی ئەم گەلە، هۆشیاری کورد و کوردستان هێندەی تر بەهێزتر بوو، هۆشیاری کورد دابەش نەبووە بۆ چوار بەش. گەلی کورد سەرەڕای ئەوەی ویستیان بێ بیرو ئیرادە و هێزیان بکەن، بەڵام گەلی کورد دەستی بۆ کۆمەڵگایەکی ئارام و دیموکراتیک درێژ کرد. ئەم درێژکردنەوەی دەستە بۆ ئەوە بوو کە گەلان بتوانن بە ئازادی پێکەوە بژین و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بونیاد بنێن. تەنانەت هەندێک ئەنجامیشی بەدەستهێنا، هەروەها هیوا و مۆڕاڵیشی دروستکرد. لە بنەڕەتدا تەنیا برایەتی و خوشکایەتی گەلان لەم پرۆسەیەدا جێبەجێ دەکرێت. هێزە پیلانگێڕەکان، لە ڕێگەی دەستی هێزە جیهادییەکانەوە، دەیانویست بانگەوازی ٢٧ی شوبات لەناوببەن و درێژە بە پلانگێڕییەکە بدەن. ئەم هێزە پلانگێڕانە نایانەوێت برایەتی و خوشکایەتی گەلان و یەکڕیزی و پێکهاتە بەدی بهێنرێت چونکە ئەگەر بەدیهات ئەوا بەرژەوەندییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەوانەی دژی برایەتی و خوشکایەتی گەلانن هەرگیز سەرناکەون. ڕێبەر ئاپۆ دەستوەردانی لەم پرۆسەیەدا کرد، چونکە پلانگێڕان دەیانویست بە پلانگێڕییەکی دیکە سەد ساڵی دیکە بهێننە ئاراوە، ئەو هێرشانەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیان پێکرد، دەیانویست شەڕ لەنێوان کورد و عەرەب دەستپێبکەن.
"ئەوانەی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی بونیاد دەنێن و بەڕێوەی دەبەن، ژنانن"
سەبیحا ئۆنار ڕایگەیاند کە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ لە کۆمەڵگەی ئاشتیخوازانە و دیموکراتیک و ژیانی کۆمەڵایەتی هێزی ژنانی هێنایە دەرەوە و وتی: ئەم پارادایمە هێزی ژنانی چ لە شەڕ و چ لەناو کۆمەڵگەدا هێنایە دەرەوە و بەرەو ئازادی بردنی، لە ڕۆژاڤای کوردستان دوژمن دڕندانە هێرشی کردە سەر خەڵک، دایکانی ئەوێ منداڵەکانیان لە باوەش گرت و چەکیان هەڵگرت و شەقامەکانیان لە دوژمن پاراست، ئەوان وازیان لە خاکەکەیان نەهێنا، چونکە دەیانزانی دەستبەرداربوون لە خاکەکەیان وازهێنانە لە ژیان و ئامانجەکانیان. ئەوانەی کۆمەڵگە ڕزگار دەکەن و پیشنەگایەتی دەکەن و کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی بونیاد دەنێن ژنانن. ڕۆح و هەستی ژن دەکوژن و دەیانەوێت ژن لەناو بەرن. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژنانی هێنایە دەرەوە، ئەوانیش لەو ساڵەدا یەکەم پلانگێڕییان ئەنجامدا. کاتێک ڕێبەر ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژنانی دامەزراند، دەیویست ژنان نەک تەنها لە شەڕەکەدا بەشداری بکەن، بەڵکو بیرکردنەوە و زانیارییەکانیان لە کۆمەڵگەدا دیار بێت. شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان بە شۆڕشی ژنان پێناسە کرا، بەو پێیەی ژنان ڕۆڵی خۆیان لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەدا بینیوە، هەر لە شەڕەوە تا هەموو بوارەکانی کۆمەڵگە، گەورەترین ترسیان ژن بوو. لەوەتەی شۆڕشی ڕۆژئاوا بوو بە شۆڕشی ژنان، پلانی دووەم لەسەر شۆڕشی ژنان ئەنجامدرا.
"ئەگەر ژنانی جیهان یەکێتی ژنان پێک نەهێنن، سیستمەکە خۆی بەهێزتر دەکات'
لە کۆتایی قسەکانیدا سەبیحا ئۆنار داوای لە هەموو ژنانی جیهان کرد بۆ دەستکەوتەکانی ژنان بوەستنەوو وتی: ئەگەر فێمینیستەکان و ژنە نووسەرانی جیهان یەکگرتوویی ژنان لە دژی ئەم عەقڵیەتە جیهادییە پێکنەهێنن، ئەوا سیستمەکە خۆی لە بەرامبەر دەستکەوتەکانی ژنان بەهێزتر دەکات، پێویستە هۆشیاری و خەباتێکی بەهێزمان هەبێت.