سبەی کۆڕی جیهانی "ژنانی کورد لە زانستدا" بەڕێوەدەچێت

یەکەمین سیمپۆزیۆم-کۆڕی جیهانی ژنانی زانیار و پسپۆڕی کورد سبەینێ، هەینی لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بەڕێوەدەچێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێشەنگایەتی جڤاتی زانیاری گشتی، سیمپۆزیۆم-کۆڕی جیهانی ژنانی زانیار و پسپۆڕی کورد، لە ڕێگەی تۆڕی زووم بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت و کۆمەڵێک، مامۆستا، پسپۆڕ و پڕۆفیسۆری کورد لە چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا بەشداردەبن.

 

سیمپۆزیۆمەکە هاوکاتە لەگەڵ ١١ی شوبات، ڕۆژی جیهانی ژنان لە زانستدا کە لەلایەن یونسکۆ و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە.

 

١٢ پسپۆڕ و شارەزا لە کۆڕەکەدا بەشدارن

سیمپۆزیۆمەکە ڕۆژی هەینی، ١١ی شوبات کاتژمێر ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ بەکاتی هەولێر، ٣:٠٠ بە کاتی قامیشلۆ و ٤:٣٠ بەکاتی سنە دەستپێدەکات، هەریەک لە ئەسرا عەمیدی پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە ناوەندی خوێندنی باڵا لە زانکۆی لینکۆڵن، نەرمین عوسمان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی بۆتانیکال لە کوردستان، ڕۆهان مستەفا مامۆستا و هاوسەرۆکی زانکۆی ڕۆژئاوا، سیدۆ مۆرگان پسپۆڕی چارەسەری دەروونی، ئەدیبە حوسەینی دامەزرێنەری تاقیگە لە شاری سنە، تۆڵا ئەحمەد میرزا پرۆفیسۆر و سەرۆکی بەشی جیۆلۆجی لە زانکۆی سلێمانی، شیرین موسلیم، هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ لە بەشێکی کۆڕەکەدا بابەتەکانیان پێشکەشدەکەن.

 

هەر لە درێژەی کۆڕەکەدا ڕێزان شاڵی نوسەر و پزیشکی هەناوی، ڕۆژیار خزری توێژەری پۆستدکتۆرا لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی ئۆسلۆ، چنور ئەحمەد مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی مێژووی زانکۆی سۆران، سەروە کامراڤا پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی ئەندازیاری کیمیا لە زانکۆی ویۆمینگ، کەریم ڕەحیمی پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی بۆماوەیی لە زانکۆی ئارهوس بەشدارن و بابەتە زانستی و ئەزمونەکانیان بەپێی پسپۆڕییان لە پیشەکەیاندا پێشکەشدەکەن کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی توانای ژنانی کورد و شکاندنی بەربەستەکانی بەردەمیانە.

 

جڤاتی زانیاری گشتی، ڕێکخراوێکی تایبەتمەندە بە زانایانی کورد لە جیهاندا کە لە بوارە جیاوازەکانی زانستدا کاردەکەن، ڕێکخراوەکە ئامانجی پەروەردەکردنی کۆمەڵگای کوردییە لە ڕووی زانستی و داکۆکیکاری مافەکانی ژنانە، پێی وایە تواناسازی ژنان تاکە ڕێگایە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و گشتگیر، لەسەر ئەو بنەمایە ڤجاتی زانیاری گشتی تۆڕی جیهانیی کوردیی زانایان و پسپۆڕانی پێکهێناوە بۆ گەشتنە ئامانجەکانی.

 

بۆ بەشداریکردن کلیک بکە.

 

ت.پ