سەبارەت بە کوشتنی ژنێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سلێمانی زانیاری نوێ بڵاوکرایەوە
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەبارەت بە کوشتنی ژنێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ١٢ـی ئەم مانگەدا لە شاری سلێمانی بە فیشەک کوژرا، زانیاریی نوێی لەوبارەیەوە ئاشکرا کرد.
ناوەندی هەواڵ
لە ١٢ی شوبات، ژنێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری سلێمانی بە فیشەک کوژرا، ئەمڕۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی نوێی لەوبارەیەوە ئاشکرا کردو ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ژنە کوردەی بە ناوی خاترە کە ناسراوە بە “ئاوات” خەڵکی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە پارێزگای سلێمانی کوژرا، پێشتر لەلایەن پیاوێکەوە چەندین جار کێشەی بۆ درووستکراوە و هەڕەشەی لێکراوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو ژنە کوردە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو پیاوە تۆمار کردبوو، دوابەدوای سکاڵاکە ئەو پیاوە ماوەیەک دەستگیر کرا و زیندانیی کرا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش وازی لە هەڕەشەکردن نەهێنا و وتبووی دوای ئازادبوون تۆڵەت لێی دەکەمەوە.
باس لەوەشکراوە، دوای کوشتنی ئاوات لە لایەن پۆلیسی سلێمانییەوە پیاوەکە دەستبەسەر کراوە.
جێگای ئاماژەیە، ئاوات خێزاندارە و دایکی منداڵێک بووە و لەم ساڵانەی دواییدا لە پارێزگای سلێمانیی کاری دەکرد.