سەباحەت تونجەل: یاسای چوارچێوە دەستپێکێکەو تێکۆشان بەردەوام دەبێت
سەباحەت تونجەل، چالاکوانی تەژەئا ڕایگەیاند کە یاسای چوارچێوە دەستپێکێکی گرنگە، بەڵام هێشتنەوەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دەرەوەی چوارچێوەکە گەورەترین کەموکوڕییەو دەبێت پرۆسەکە بە تێکۆشانی دیموکراتیک تەواو بکرێت.
مەمیهان هیلبین زەیدان
وان – پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی تەبایی نەتەوەیی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" کە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا ئامادە کرابوو، دوای دەنگوباس لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەماندا بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کراوە. بەڵام گفتوگۆکان لەسەر یاساو ڕێکخستنەکە وەک "یاسای دەستپێک" ئەژمار دەکرێت– بەردەوامن. دەرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە یاساکە، وەک یەکێک لە گەورەترین کەموکوڕییەکانی یاساکە دەبینرێت. گفتوگۆکان لەسەر ئەوەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە کوێ دەگات و دوای پەسەندکردنی لەسەر چ سەنگەرێک تێکۆشان دەکرێت، بەردەوامن.
سەباحات تونجەل، چالاکوانی تەڤگەری ژنانی ئازاد، دەربارەی ئەم بابەتە بۆ ئاژانسەکەمان دواو وتی: یاسای چوارچێوە، بۆ چارەسەرێکی دیموکراتیک هەنگاوێکی یەکەم و گرنگە، بەڵام دەبێت کەموکوڕییەکانی بە تێکۆشانی کۆمەڵایەتی تەواو بکرێن.
یەکەم جارە ڕێگەی سیاسی و پەرلەمان لە ئارادان
سەباحات تونجەل ئاماژەی بەوە دا کە یاسای چوارچێوە، یاسای دەستپێکە و ڕوونی کردەوە کە لە ئاستێکدا نییە هەموو کێشەکە چارەسەر بکات و کێشەی کوردیش پێناسە بکات. تونجەل وتی: بەڵام ئەم یاسایە، یاسایەکی چوارچێوەییە و بۆ چارەسەرێکی دیموکراتیکانە و ئاشتییانەی کێشەی کورد ڕێگە خۆش دەکات. کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری بۆ کردنەوەی مەیدان بۆ سیاسەتی دیموکراتیک گرنگە. لەبەر ئەوەی ئەمە یەکەم جارە لە بابەتی چارەسەرکردنی کێشەکەدا بە ڕێگەی سیاسی لەسەر پلاتفۆرمێکی پەرلەمانیدا نزیکبوونەوە دەردەکەوێت، زۆر گرنگە.
بێگومان یاسایەک بڕێز ئۆجالان لە دەرەوە بهێڵێتەوە، کەمتەرخەم و ناتەواوە
سەباحات تونجەل لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە لە سەردەمانی پێشووشدا لە پەرلەماندا یاسا دەرکراون و پرۆسەی ئۆسلۆی ۲۰۰۹، پرۆسەکانی دانوستان و دیالۆگی ۲۰۱۳ و ۲۰۱٥ی بیر هێنایەوە. سەباحات دەستنیشانی کرد کە خەباتێکی زۆر کراوە و وتی: لەوانەشدا یاسای ژمارە ٦٥٥١ دەرکرابوو. بەڵام ئەمەیان لە ئاستێکی جیاوازدایە. لە بنەڕەتدا، ئەم یاسایە لەبەر ئەوەی گوستنەوە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک ئاسان دەکات و خزمەت بە هاوێشتنی هەنگاوی پێویست بەرەو چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانە دەکات، خاڵی دەستپێکە. بەڵام یاسایەک نییە کێشەکانمان چارەسەر بکات یان دیموکراسی بهێنێت. کەموکوڕی زۆری هەیە. گەورەترین کەموکوڕی ئەوەیە کە ڕێبەری گەلی کورد جەنابی عەبدوڵا ئۆجالان ناگرێتە خۆی. ئەم یاسایە بۆ قۆناغی پێش حوزەیرانی ۲۰۰٥ بەکار ناهێنرێت. گەورەترین ڕەخنەش هەر ئەمەیە. گەلی کورد ئازادیی بەڕێز ئۆجالان وەک ئازادیی خۆی پێناسە دەکات. لەبەر ئەوە یاسایەک ڕێگری لە ئازادیی بەڕێز ئۆجالان بکات یان نەیداتە پاڵ خۆی، ناتەواوە.
پرۆسەکەی ئێمە بەپێچەوانەی جیهانەوەیە
سەباحات تونجەل جەختی لەوە کردەوە کە هێشتنەوەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دەرەوەی یاساکە گەورەترین کەموکوڕییە و وتی: بەڵام ئەمە بۆ تێکۆشان زەمینەیەکە. ڕەنج و هەوڵەکانی بەڕێز ئۆجالان ئامانجیان ئەوەیە نەک تەنها بە گۆڕینی بزووتنەوەی سیاسیی کورد، بەڵکو بە گۆڕینی دەوڵەتیش هەنگاوێک بەرەو ئازادیی گەلی کورد بنێت. ئەمە یاسایەکی ۱۲ مادەیییە کە ئامانجی داماڵینی چەک و کردنەوەی دەرگای سیاسەتە. لە ناو مادەکانی یاساکەدا هیچ شتێک دەربارەی دیموکراتیزەبوون، ئازادی، پەروەردە بە زمانی دایک یان ناساندنی ناسنامەی کورد نییە. ئەرکێکی وەهای نییە. ئەمە وەک گوتمان یاسای دەستپێکە، بەڵام دەبێت ئەم شتانە تاوتوێ بگوڕدرێن. ئەگەر لە تورکیادا ئاشتییەکی ڕاستەقینە بێتە ئاراوە و ڕێگە لەبەر چارەسەری کێشەی کورد بکاتەوە، دەبێت ئەم هەموو شتانە لە قۆناغی داهاتوودا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت. بەگشتی لە ئەزموونەکانی جیهاندا، سەرەتا هەنگاوی یاسایی دەنرێن، ڕاستی و دادپەروەری و ڕووبەڕووبوونەوە مسۆگەر دەکرێن. دەوڵەت دڵنیا دەکاتەوە کە لەم بابەتەدا دەستبەرداری سیاسەتی خۆی بووە. دواتر چەک بەردەدرێت. بەڵام لە نموونەکەی ئێمەدا پێچەوانەکەی ڕووی دا. سەرەتا چەک دادەنرێت و دواتر هەوڵ دەدەین لەسەر ئەم بابەتانە گفتوگۆ بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە بابەتی ئێستا نییە.
دەرچوونی یاساکە دەستپێکێکە
سەباحات تونجەل سەرنجی ڕاکێشا بۆ ئەوەی کە کێشەی کورد لە ساڵانی ۱۹۹۰کانییەوە بابەتێکی گەرمی گفتوگۆیە و دیاری کرد کە ئەم یاسایە ئاماژەیە بۆ ئەم تێڕوانینەی کە دەبێت کێشەی کورد لەسەر بنەمایەکی سیاسی چارەسەر بکرێت؛ هەروەها جەختی کردەوە کە بە سیاسەتی ئەمنی چارەسەر ناکرێت و دەبێت ڕوانگەی ئەمنی تەرک بکرێت.
سەباحات تونجەل درێژەی بە قسەکانی دا: بێگومان لە ڕووی کردنەوەی مەیدان بۆ سیاسەت گرنگە، بەڵام دەبێت بڕوانینە پرۆسەی جێبەجێکردنیشی. هێشتا نازانین ئایا جێبەجێ دەکرێت یان نا. بەڵام دەرچوونی یاساکە دەستپێکێکە.
دەبێت گەنجان، کۆمەڵگە و بزووتنەوەی ژنان زیاتر بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن
سەباحات تونجەل گەورەترین کەموکوڕیی پرۆسەکەی بۆ نەبوونی بەشداریی پێویستی کۆمەڵگە گەڕاندەوە. تونجەل ڕوونی کردەوە کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکاکان و بزووتنەوەی ژنان لەم پرۆسەیەدا نەیانتوانیوە بە شێوازێکی پێویست ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و وتی: بەشێکی ئەمە لە دەوڵەتەوە سەرچاوە دەگرێت و بەشێکیشی لە بێهێزیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتەکان و بزووتنەوە سۆشیالیستییەکانی تورکیایە. ڕەنگە هۆکاری زۆر هەبن. بەڵام ئەمە هەم بۆ بزووتنەوەی ژنان و گەنجان و هەم بۆ ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەرفەتی پێویست دابین دەکات.
ئەم چالاکوانە وتیشی: بێدەنگکردنی چەکەکان، لە هەمان کاتدا فەزایەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان، نایەکسانی و قەیرانی ئابووری لە تورکیادا دەرەخسێنێت. کاتێک گفتوگۆ لەسەر چارەسەری کێشەی کورد دەکەین، لە هەمان کاتدا قسە لەسەر ئەوەش دەکەین کە مرۆڤ چۆن دەتوانێت کێشە و قەیران و هەڵەکانی بەهۆی نەبوونی چارەسەرییەوە دروست بوون، تێپەڕێنێت. دەبێت لە پرۆسەی پێشماندا ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بزووتنەوەی ژنان و گەنجان چالاکتر بن. هەروەها لە جێبەجێکردنی کرداریی ئەرکی ئەم پرۆسەیەدا، ڕۆڵێکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
بزووتنەوەی ژنان دەتوانێت کۆمیتەیەکی چاودێری پێکبهێنێت
سەباحات تونجەل جەختی کردەوە کە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی لە کاتی جێبەجێکردنی یاساکەدا سەرهەڵدەدەن، ڕۆڵێکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی کۆمەڵگەی مەدەنی و وتی: لە پەرلەماندا کۆمیتەیەکی چاودێری دادەمەزرێت، بەڵام بەس نییە. دەکرێت جیا لە کۆمیتەی چاودێری پەرلەمان، لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سەندیکای پارێزەرانەوە کۆمیتەیەکی چاودێریی مەدەنی، هاوتا یان لە پەیوەندیدا دابمەزرێت. بزووتنەوەی ژنان لە نێو خۆیدا گفتوگۆ لەسەر ئەمە دەکات. بزووتنەوەی ژنان دەتوانێت کۆمیتەیەکی چاودێری بباتە پێشەوە. پێم وایە ئەمە بۆ پێشچوونی تەندروست و جێبەجێکردنی کرداریی پرۆسەکە زۆر گرنگە.
تەکیدی کردەوە کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە خاڵی ڕێگەخۆشکردن بۆ پێشهاتە سیاسییەکاندا ڕەنج و هەوڵێکی گەورە دەدات و وتی: بزووتنەوەی ئازادیی کورد نیشانی داوە کە بەشداری لە پرۆسەیەکدا دەکات کە لەلایەن بەڕێز ئۆجەلانەوە بەڕێوە بچێت. لەبەر ئەوە لە ژێر کۆمسیۆنەی لە پەرلەمان دامەزراوە، کۆمیتەی لاوەکی دروست دەکرێن. ئەگەر ئەم کۆمیتانە کارا ببن و ئەگەر مەرجەکانی کارکردنی ئازاد بۆ بەڕێز ئۆجالان مسۆگەر ببن، جێبەجێکردنی پرۆسەکە ئاسانتر دەبێت. ئاشکرایە کە پرۆسەکە بێ ڕێبەڕایەتی، بێ بانگەواز و بێ ڕەزامەندی بەڕێز ئۆجالان پێش نەکەوێت. ئەمە لە ڕاگەیەندراوەکانی بزووتنەوەکەشدا دیارە. بڕوام وایە ئەم فاکتەرانە لە جێبەجێکردنی کردارییدا ڕەچاو دەکرێن.
بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی هەموان
لە کۆتایی قسەکانیدا سەباحات تونجەل وتی: قۆناغی داهاتوومان دەستپێکێکی نوێیەو ئەمە پرۆسەیەکە بە تێکۆشان، ڕەنج، کەڵەکەبوون و ئەزموونی ٥۰ ساڵە شێوەی گرتووە. ئەزموونەکانی لە ڕابردووەوە دەستمان کەوتوون، لەگەڵ ئەزموون و تێکۆشان و ڕێگەوبانی نوێدا، بەرپرسیارێتیی ئازادکردنی گەل، ژنان و گەنجان دەگرنە ئەستۆ. لەم ڕووەوە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی هەمووان. دەبێت لە تێڕوانینێکەوە بڕوانین کە تەنها چاوەڕێی حکومەت یان دەوڵەت نەکات، بەڵکو پاشڕۆژی خۆی بە دەستی خۆی دروست بکات. پێویستە لەم پرۆسەیەدا ئێمە وەک گەلی کورد، بە شێوازێکی ڕێکخراوتر، خۆڕاگرتر و جددیتر کار بکەین و لە پەنای یەکدا بوەستین. دەبێت لە لایەکەوە یەکێتیی نەتەوەیی کورد مسۆگەر بکرێت و لە لایەکی ترەوە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، هاوپەیمانی و دیالۆگێکی بەهێز لەگەڵ گەلی تورکیادا گرنگە. ئەرکێکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی هەمووان. دەژین و دەبینین.