ساڵی ڕابردوو لە هەرێم ١٣ هەزار و ١٧ سکاڵای توندوتیژی خێزانی تۆمارکراوە

ڕێکخراوی هاریکاری یاسای ژنان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە هەرێمی کوردستان بەگشتیی ١٣ هەزار و ١٧ سکاڵای توندوتیژی دژی خێزان و ژنان تۆمار کراوە، دەشڵێت: داوامان کردووە یاسای توندوتیژی خێزانی هەمووار بکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە هوتێڵ ڕامادا لە سلێمانی و لە ساڵڕۆژی دەرچوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە، لە لایەن ڕێکخراوی هاریکاری یاسای ژنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئامارەکانی ڕاپۆرتی چاودێری جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و کێشەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاساکە و ڕاسپاردەی تایبەت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان خرایەڕوو.

 

لەوبارەوە گۆنا مەجید پارێزەری ڕێکخراوی هاریکاری یاسای ژنان لە کۆنگرەکەدا وتی: سەرەڕای هەبوونی بارودۆخی سیاسی و نەبوونی مووچە نابێت کێشە کۆمەڵاتییەکان لەبیربکرێت، یاساکە  کەمووکوڕی هەیە و داوامان کردووە یاساکە هەمووار بکرێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە خزمەت کۆمەڵگەدا بێت بۆ کەمکردنەوەی کێشە خێزانییەکان.

 

وتیشی: لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان لە هەرێمی کوردستان بەگشتیی ١٣ هەزار و ١٧ سکاڵای توندوتیژی دژی خێزان و ژنان تۆمار کراوە، هەروەها لە بەڕێوەبەرایەتی سێکسی لە هەرێمی کوردستان بە کۆی گشتیی ٦٣ سکاڵا تۆمار کراوە.

 

باسی لەوەشکرد: سکاڵا تۆمارکراوەکانی دیکە لە ڕێگەی هێڵی گەرم بە ژمارە ١١٩ کۆی گشتی دوو هەزار و ٢٧٤ سکاڵا بووە، لە سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و ٧٧٤ سکاڵا تۆماركراوە، لە لیژنەی ئاشتەوای سێ هەزار و ٧٧٤ سکاڵا تۆماراكراوە، بە پێی ئاماری فەرمانی دەستگیر کردن دوو هەزار و ٤٨٢ سکاڵا تۆماركراوە.

 

دەشڵێت: ژمارەی سکاڵاکەرەکانی توندوتیژی ئەلیکترۆنی بەمجۆرەیە، ٩٩ سکاڵای بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، ٧٠ سکاڵای بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ٥٧ سکاڵای هەڕەشەکردنی وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە کۆی گشتیی دەگاتە ٢٢٦ سکاڵا، جگە لەوەش دوو هەزار ٩٧٥ سکاڵای لێدان، دوو هەزار و ٢٣٠ شەڕ کردن، دوو هەزار و ١٨٣ سکاڵای هەڕەشە کردن تۆمار کراوە.