ساڵی ٢٠٢٥ زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی کوژراوی لە سەرانسەری جیهان تۆمار کرد
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا ژمارەیەکی بێ وێنەی ڕۆژنامەنووس لە جیهاندا کوژراون و گەیشتووەتە ١٢٨ ڕۆژنامەنووس کە زیاتر لە نیوەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون.
ناوەندی هەواڵ
دیمەنی میدیای جیهانی شایەتی پەرەسەندنی بەرچاوە لە مەترسییەکانی ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان، لەگەڵ فراوانبوونی شەڕە چەکدارییەکان و توندبوونەوەی نائارامییە سیاسییەکان و زیادبوونی سنووردارکردنی ئازادیی جووڵە و کاری مەیدانی.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاپۆرتێکی نوێدا کە ئەمڕۆ ١ی کانوونی دووەم بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٥دا ١٢٨ ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون، زیاتر لە نیوەی ئەو ڕۆژنامەنووسانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو.
سکرتێری گشتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان ئەم ژمارەیەی بە "ئاگادارییەکی سووری جیهانی" پێناسە کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە زیادبوونی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی میدیا ڕەنگدانەوەی تێکچوونی ڕاستی ژینگەی کارکردنە بۆ ڕۆژنامەنووسان، نیگەرانییەکی زۆری لە دۆخی ناوچە فەڵەستینییەکان دەربڕی کە لە ماوەی یەک ساڵدا ٥٦ ڕۆژنامەنووس کوژراون، کە ژمارەیەکی بێ وێنەیە لە ڕووی کات و قەبارە و پانتایی جوگرافیای ڕووداوەکانەوە.
ئەمینداری گشتی ئیدانەی بەردەوامی بێ سزای کرد و هۆشداریدا لەوەی کە نەبوونی دادپەروەری هاندەری دووبارەبوونەوەی تاوانەکانە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان، وتی: لە ئێستادا ٥٣٣ ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا زیندانیکراون و زیاتر لە چارەکێکیان لە چین و هۆنگ کۆنگ ڕاگیراون، ئەمەش بە بەڵگەی زیاتری بۆ کەمکردنەوەی ئازادییەکانی میدیا زانیوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ناتەباییەکانی ژمارەی زیانڵێکەوتووەکان لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕاپۆرتکراون بەهۆی جیاوازی میتۆدۆلۆژیاوە، هەروەها ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور لە ساڵی ٢٠٢٥دا کوژرانی ٦٧ ڕۆژنامەنووسیان تۆمار کردووە، لە هەمان کاتدا یونسکۆ گیانلەدەستدانی ٩٣ ڕۆژنامەنووسی لە هەمان ماوەی ڕابردوودا بەڵگە کردووە.