سارا کازمی کەلهور لە خۆپیشاندانەکەدا دەستگیر کرا
سارا کازمی کەلهور، خەڵکی گیلانغەرب لە خۆپیشاندانێکدا، کە بەهۆی گیانلەدەستدانی سۆگەند سەیادییەوە ڕێک خرابوو، دەستگیر کرا.
ناوەندی هەواڵ
چالاکوانی مافەکانی ژنان، خەڵکی گیلانغەرب لە ئێران، سارا کازمی کەلهور، ئێوارەی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ دەستگیر کرا و برایە شوێنێکی نادیار، دەستگیرکردنەکەی هاوکات بوو لەگەڵ هەوڵەکانی هێزەکانی ڕژێم بۆ ڕێگریکردن لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی سۆگەند سەیادی، خوێندکاری ١٦ ساڵ.
بەبێ بڕیاری دادوەری دەستگیر کرا
بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو کراونەتەوە، چالاکوانە ٢٩ ساڵانەکە کاتێک بەشداریی کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گیلانغەرب کردووە بە مەبەستی یادکردنەوەی سۆگەند سەیادی، بە توندی و بەبێ بڕیاری دادوەری دەستگیر کراوە.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گیلانغەرب بانگەوازیان لە هاوڵاتیان کردبوو کە لەسەر گۆڕی سۆگەند سەیادی لە گۆڕستانی چوارمەرجان کۆ ببنەوە بۆ شەرمەزارکردنی توندوتیژیی سیستەماتیک دژی ژنان و منداڵانی کچ، هێزەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و وەزارەتی ئیتلاعات ڕێگاکانی بەرەو گۆڕستانەکەیان داخست و لە ناوچەی گۆڕسپی خاڵی پشکنینیان دانا، ڕێگەیان نەدا هاوڵاتیان بەشداریی چالاکییەکە بکەن.
هێزەکانی ئەمنی هەڕەشەیان لە بنەماڵەی دایکی سۆگەند سەیادی کرد
سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاند، کە هێزەکانی ئەمنی هەڕەشەیان لە بنەماڵەی دایکی سۆگەند سەیادی کردووە، هەروەها دەوترێت کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەندێک کەس کە لە گیلانغەرب دەژین بە بیانووی ئەوەی پەیوەندییان بە ڕووداوەکەوە هەیە، بۆ لێکۆڵینەوە بانگ کراون، هەڕەشەیان لێ کراوە و فشاریان خراوەتە سەر بۆ ئەوەی دەربڕینی نووسراو واژو بکەن.
سۆگەند سەیادی لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ کوژرابوو، دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بیسترا کە لەلایەن باوکییەوە لێی دراوە، بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی گەورە، داواکاری گشتیی کرماشان پێش دەستگیرکردنی باوکی بە تۆمەتی "هێرش و کوشتن" و بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش بە تۆمەتی "کەمتەرخەمی و خراپ بەکارهێنانی ئەرک" ڕاگەیاندبوو، تا کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە، سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتنی سارا کازمی کەلهوڕ هیچ زانیارییەک بەدەست نەهاتووە، هەروەها نازانرێت ئایا توانیویەتی چاوی بە بنەماڵەکەی یان پارێزەرێک بکەوێت یان نا.