لابردنی دامودەزگاکانی سینەمای دەوڵەتی ئێران لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین
بەرلینال بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ئامادەنەبوونی دامودەزگاکانی سینەمای حکوومەتی ئێرانی لەم فێستیڤاڵەدا ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا قەدەغەکردنی کۆمپانیا و فیلم و میدیای پاڵپشتیکراوی ڕووسیای سەپاند، ئێستا لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیەندراوە کە هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم و میدیا و ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی کە لەگەڵ ڕووسیا و میدیاکانی سەر بە ئێران کار دەکەن، بەشداری فێستیڤاڵی بەرلینال ناکەن.
کۆمپانیای بەرلینال لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئێران دەکات، ئەم گرووپە هەمان سیاسەت لە دۆسیەی ئێران کەڵک وەردەگرێت وەک فێستیڤاڵەکانی کان و ڤێنیز کە ساڵی ڕابردوو لە دۆسیەی ڕووسیا جێبەجێ کرا.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم سنووردارکردنە سینەماکارانی سەربەخۆی ئێرانی ناگرێتەوە و بڕیارە بەشی پانۆرامای فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین بە ئەنیمەیشنی سیرین بکرێتەوە کە لە دەرهێنانی سێپیدە فارسی خەڵکی ئێرانە و دانیشتووی شاری پاریسە.
فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینال گەورەترین فێستیڤاڵی فیلمی ساڵانەیە لە جیهاندا، کە ساڵانە نزیکەی نیو ملیۆن بینەر بۆ خۆی ڕادەکێشێت و سینەماکاران، ئەستێرەکان، پسپۆڕانی پیشەسازی، ڕۆژنامەنووسان و سینەماکاران دێنە بەرلین بۆ بەدواداچوون بۆ ئاهەنگ و بەرنامەی خەڵاتکردنەکە.