سێ ژنی کورد لە خانەقین توانییان پلەی دادوەر بەدەستبهێنن
بۆ یەکەمجار لە مێژووی شاری خانەقیندا، سێ ژنی پارێزەر و یاساناسی نیشتەجێی شارەکە کە کوردن توانییان پلەی دادوەر بەدەستبهێنن.
ناوەندی هەواڵ
لە دەستکەوتێکی مێژووییدا بۆ ژنانی ناوچە دابڕێنراوەکان و بەتایبەت شاری خانەقین، بۆ یەکەمجار سێ ژنی پارێزەر و یاساناسی نیشتەجێی شارەکە، توانییان پلەی دادوەر بەدەستبهێنن.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، کە ناوبراوان بە سەرکەوتوویی خولی ٥٢٪ـی پەیمانگای دادوەرییان لە بەغداد تەواو کرد و لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە، فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەرچوو.
دادوەرە نوێیەکان بریتین لە خانمە پارێزەران: (نەسرین سەعدوون عەلی میرزا، سازان ساڵح ڕەشید و شیرین حسێن). ناوبراوان دوای سوێندخواردنی یاسایی، لە چوارچێوەی دادگاکانی سەر بە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی دیالە دەستبەکار دەبن، کە خانەقین لە ڕووی کارگێڕیی دادوەرییەوە سەر بەو پارێزگایەیە.
چالاکوانانی مافی ژنان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی خانەقین، ئەم ڕووداوە بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی دادوەریی ناوچەکە و نیشانەیەک بۆ لێهاتوویی ژنانی کورد لە بەدەستهێنانی باڵاترین پلە و پۆستە یاساییەکان دەبینن.