سێ وڵاتی ئەورووپا داوای ئازادکردنی نێرگس محەمەدی دەکەن
فەڕەنسا و ئیسپانیا و کەنەدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی وڵاتەکەیان لەسەر دۆخی نێرگس محەمەدی، داوای چارەسەری پزیشکی بەپەلە و ئازادکردنی بێ مەرجی دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
دامەزراوەی نێرگس محەمەدی، دەربارەی هەڵوێستی وڵاتان لەسەر دۆخی نێرگس محەمەدی، زیندانیی سیاسی، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا باڵیۆزی ئێرانی بانگێشت کردووە، تاوەکو نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی لەسەر ژیانی نێرگس محەمەدی دەرببڕێت و داوای ئازادکردنی بەپەلەی کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، حکومەتی فەڕەنسا بەرپرسیارێتیی گیانی نێرگسی خستووەتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئێران و داوای کردووە هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ چاکبوونەوەی بگرنەبەر، هەروەها وەزیری دەرەوەی کەنەداش هۆشداری داوە لە خراپیی دۆخی تەندروستی نێرگس محەمەدی، کە ئێستا لە دۆخێکی نا جێگیردایە.
جێی ئاماژەیە، ڕۆژی ١ی ئایار نێرگس محەمەدی لە زیندانی زەنجان دوای ئەوەی دووجار بێهۆش بوو، تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەپەلە بۆ نەخۆشخانەیەکی زەنجان گواستراوەتەوە.
ڕۆژی ٥ی ئایاریش، شیرین ئەردەکانی پارێزەری نێرگس محەمەدی ڕایگەیاندووە، ژیانی ئەو زیندانییە سیاسییە لە مەترسییەکی گەورەدایە و ئێستا خانەوادەکەی هەوڵی زیندوو هێشتنەوەی ئەو زیندانییە سیاسییە دەدات.