سێ لەسەر چواری منداڵانی سوودان بەهۆی شەڕەوە بێبەشن لە خوێندن

زیاتر لە دوو ساڵە شەڕو پێکدادان لە سەرانسەری سودان بەردەوامەو ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان بڵاویکردەوە، شەرەکە بووەتە هۆى بێبەشکردنى سێ لەسەر چواری منداڵان لە خوێندن.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕى سوودان لە نیسانی ٢٠٢٣ لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا سەریهەڵدا و بە خێرایی بە وڵاتەکەدا بڵاو تا ئـێستاش بەردەوامە.

 

ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان سەبارەت بەبێ بەشبوونى منداڵانى سوودان لە خوێندن و خراپی دۆخى منداڵان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لەسەرەتاى شەڕى سوودانەوە تا ئەمڕۆ دەیان هەزار کەس کوژراون زیاتر لە ١٣ ملیۆن کەس ئاوارەبوونی و ژێرخانی مەدەنی وێران کراوە .

 

ئاماژە بەوەشکراوە، زیاتر لە نیوەی قوتابخانەکانی سودان بەهۆی شەڕەوە بە داخراوی ماونەتەوە، هاوکات لە هەر ١٠ قوتابخانەیەک یەکێکیان کراوە بە پەناگەی ئاوارەکان.

 

هاوكات، محەمەد عەبدولەتیف بەڕێوەبەری وڵاتی ڕزگارکردنی منداڵانی سوودان ڕایگەیاند، ئاسانە لە کاتی قەیرانەکاندا پەروەردە وەک ئەولەویەتییەک پشتگوێ بخرێت، بەڵام لەگەڵ درێژەکێشانی ململانێکان، منداڵان چارەنووسسازترین ساڵانی خوێندن لەدەستدەدەن، کە هەرگیز بەدەستیان ناهێننەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بەشێک لەم منداڵانە هەرگیز فێری خوێندنەوە و نووسین نابن.

 

ڕێکخراوەکە هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، ملیۆنان منداڵ ناتوانن بگەڕێنەوە قوتابخانە، ئەمەش بەرەوڕووی مەترسیی درێژخایەن دەبنەوە، لەوانە ئاوارەبوون، دامەزراندنی لە ناو گرووپە چەکدارەکان و توندوتیژی سێکسی.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، نزیکەی چوار ملیۆن منداڵ لەم دواییانەدا گەڕاونەتەوە بۆ خوێندن، لەکاتێکدا زۆرینەی ڕەهای منداڵان بەهۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و کەمی مامۆستا و کەرەستەی فێربوون و سنووردارکردنی جووڵە بەهۆی توندوتیژییەوە لە قوتابخانە دەرچوون.