بەغدا لەگەڵ هەولێر دەگاتە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان
ڕێککەوتن لە نێوان بەغدا و هەولێر دەکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ تورکیا لە هەرێمی کوردستانەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک ڕاگیرا بەهۆی ناکۆکی یاسایی.
ناوەندی هەواڵ
وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە بەم نزیکانە ڕێککەوتن لە نێوان بەغدا و هەولێر دەکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ تورکیا لە هەرێمی کوردستانەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک ڕاگیرا بەهۆی ناکۆکی یاسایی.
هەروەها وەزیری نەوتی عێراق لە وتارەکەیدا لە میانی کۆڕبەندی عێراق ٢٠٢’ کە لەلایەن ناوەندەکانی توێژینەوە و پەیمانگاکانی عێراقەوە ڕێکخرابوو، ڕوونیکردەوە کە پێشبینی دەکرێت بەغدا و هەولێر لە ماوەی یەک دوو هەفتەدا بگەنە ڕێککەوتن، ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو دەگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی."
ئاماژەی بەوەشدا کە لایەنی تورکیا پشکنینی بۆرییەکان دەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری دزەکردنی نەوت لە دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی لە مانگی شوباتدا تورکیای گرتەوە دڵنیای بکاتەوە، عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس ڕێوشوێنی ناوبژیوانی لەگەڵ تورکیای دراوسێ دەستپێکرد، بەو پێیەی ئەنقەرە ماوەیەکی زۆرە نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هاوردە دەکات بەبێ ڕەزامەندی دەسەڵاتی فیدراڵی لە بەغدا.
دادگای ناوبژیوانی ئەمساڵ بڕیاری خۆی لە بەرژەوەندی بەغدا دەرکرد و تورکیای پابەند کرد بە پێدانی قەرەبوو بە حکومەتی عێراق و ئەمەش وایکرد ئەنقەرە هاوردەکردنی نەوت لە باکوری عێراق ڕابگرێت.
هەرچەندە هەندێک پرس بە هەڵپەسێردراوی مانەوە، بەڵام بەغدا و هەرێمی کوردستانی عێراق لە سەرەتای مانگی نیساندا ڕێککەوتنێکی کاتییان ئەنجامدا بۆ یەکلاییکردنەوەی خاڵە ناکۆکیەکان و دامەزراندنی میکانیزمێک بە سەرپەرشتی حکومەتی فیدراڵی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان.