خەدیجە مەهدی پوور بانگهێشتی دادگای گشتی و شۆڕشی ئیلام کرا

خەدیجە مەهدی پوور، زیندانی سیاسی پێشوو، بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ" بانگهێشتی دادگای گشتی و شۆڕشی ئیلام کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

خەدیجە مەهدی پوور، زیندانی سیاسی پێشوو، بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ" بانگهێشتی دادگای گشتی و شۆڕشی ئیلام کرا، بەپێی ئەم بانگهێشتنامەیە، پێویستە بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە لە لقی ١٠٣ی تاوانکاریی دادگای گشتی و شۆڕشی ئیلام ئامادە بێت.

 

پێش ئەمەش دانیشتنی لێکۆڵینەوەی خەدیجە مەهدی پوور لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لە لقی سێی لێکۆڵینەوەی دادستانی گشتی و شۆڕشی ئیلام بەڕێوەچوو، لەم دیدارەدا لە بەرامبەر تۆمەتەکانی "بانگەشەکردن بە قازانجی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکانی ڕژێمی ئێران و بڵاوکردنەوەی درۆ" بەرگری لە خۆی کرد و تا کۆتایی ئیجرائاتەکان بە دانانی بارمتەی کاتی ئازاد کرا.

 

پێویستە بوترێت کە خەدیجە مەهدی پوور لە ماوەی ڕابردوودا پێشینەی گرتن و بانگهێشتکردنی هەبووە و لە ساڵی ٢٠٢١ دەستبەسەر کراوە و دواتر حوکمی ٢٠ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، ناوبراو لە کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا لە زیندان ئازاد کرا، ئەمەش دوای دەرکردنی ڕێنمایی "لێبوردن" بوو.