ژنانی لوبنان بەهۆی قەیرانەکان ماتۆڕسکیل بەکاردەهێنن

بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکانی وڵاتی لوبنان و قورسی دابینکردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان ژنان پەنادەبەنە بەر بەکارهێنانی ماتۆڕسکیل بۆ گواستنەوە لەبەرئەوەی تێچووی کەمترە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەزاران ژن لە لوبنان ڕوو لە بەکارهێنانی ماتۆڕسکیل دەکەن بۆ گواستنەوە وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکان، زۆرێک دەڵێن لەناو خراپتربوونی قەیرانی ئابووری وڵاتەکەدا چەواشەکارییە کۆمەڵایەتییەکان نامێنن.

 

زۆرێک لە خەڵکی لوبنان چیتر توانای داراییان نییە بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، لەبری ئەوە ماتۆڕسکیل هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی بەرگەی قەیرانی ئابووری بگرن، بەپێی ئامارەکانی فرۆشگاکانی ئۆتۆمبێل لە لوبنان فرۆشتنی ماتۆڕسکیل نزیکەی ٪٥٠ی بازاڕی ئۆتۆمبێلی بەکاربەر پێکدەهێنێت.

 

کڕین و لێخوڕینی ماتۆڕسکیل تەنها لە گەنجان و کرێکارانی گەیاندن و خوێندکارانی زانکۆ و کەسانی پیشەگەردا سنوردار نییە کە پێویستیان بە جوڵەی خێرای سەر ڕێگاکان هەیە بۆ ئەوەی بگەنە شوێنی کارەکەیان بە کەمترین تێچووی گونجاو، ئێستا ژنانی لوبنانی لە تەمەنی بیست و سی و چلەکاندا بە لێهاتوویی ماتۆڕسکیل لە سەرانسەری وڵاتدا لێدەخوڕن، تەنانەت هەندێکیان ماتۆڕەکانیان وەک تاکسی بەکاردەهێنن.

 

قەیرانی ئابووری بارگرانییەکی گەورەی خستووەتە سەر ژنانی لوبنان، هەندێکیان بۆ دۆزینەوەی داهاتێک ڕوویان لە پیشەی نەریتی کردووە کە لە ڕابردوودا بە پیشەی پیاوانە ناسراوە، لەوانە فرۆشتنی سەوزە لەناو ئۆتۆمبێلی پیکاپ، کارکردن لە قەسابخانەکان، لە بەنزینخانەکان، چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و هەروەها وەک شۆفێری تەکسی.

 

شەڕی ناوخۆی لوبنان پێشتر شۆڕشێکی گەورەی لە ڕۆڵی ژنان لە شوێنی کاردا کرد، زۆرێکیان بۆ یەکەمجار چوونەتە ناو پیشەکانەوە، وەک ڕۆژنامەگەری، گەڕان و فریاگوزاری، ئەندازیاری شارستانی و تەنانەت پۆستە سەربازییەکانی هێڵی پێشەوە.

پێش قەیرانی ئابووری، بەشێک لە ژنانی لوبنانی پەیوەندییان بە یانەکانی ماتۆڕسکیلی لوکس هارلی دەیڤدسۆنەوە کرد و بەشدارییان لە پێشبڕکێی ئۆتۆمبێلدا کرد و لە پێشبڕکێکانی سەرکەوتنی شاخدا بەشدارییان دەکرد.

 

زۆرینەی ماتۆڕسوارەکان کڵاوی سەلامەتی لەسەر ناکەن و هەروەها یاساکانی هاتوچۆ پێشێل دەکەن، بۆیە ڕووداوەکان زیاد دەبن، شۆفێرانی ماتۆڕسکیلیش بەهۆی ئەمەوە ئەگەری گیانلەدەستدانیان زیاد دەکات، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ژنانی ماتۆڕسوار زۆرجار لەسەر ڕێگاکان زیاتر ئاگاداری خۆیان دەبن و خۆیان لە بەرکەوتنی زیان بەدوور دەگرن.

 

بەپێی زانیارییەکانی ئینفورماسیۆن ئینتەرناشناڵ کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری توێژینەوەیە و بنکەکەی لە بەیروتە، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢٩١٠٢ ماتۆڕسکیل هاوردەکراون بۆ لوبنان، ژمارەکە تا کۆتایی مانگی تەمموزی ٢٠٢٢ بۆ ٤٧ هەزار و ٧٧ ماتۆڕسکیل زیادیکردووە، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٢دا ١٧٧ هەزار و ٣٨٨ ماتۆڕسکیل هاوردە کراوە، لە وڵاتدا نزیکەی ٢٨٩ هەزار ماتۆڕسکیلی تۆمارکراوی فەرمی هەیە.