منداڵانی هایتی بەهۆی توندوتیژییەکانەوە لە خوێندن دادەبڕێن

لە هایتی بەهۆی توندوتیژی و ململانێی گروپە چەکدارییەکان منداڵان دەبنە ئامانج و لە ئەنجامدا لە خوێندن بێبەش دەبن، ، لە ئاماری چوار مانگی یەکەمی ساڵی خوێندندا لە مانگی تشرینی یەکەم تا شوبات، بەپێی ڕاپۆرتەکان ٧٢ قوتابخانە کراونەتە ئامانج

ناوەندی هەواڵ

 

نوێنەری سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" لە هایتی ئاماژەی بەوەداوە کە لە وڵاتەکەدا توندوتیژییە بەردەوامەکان کاریگەرییەکی زۆر لەسەر ژیانی منداڵان و بەتایبەتی لە دەوروبەری و قوتابخانەکان دادەنێت، لە کاتێکدا منداڵان لەژێر کاریگەرییەکانی توندوتیژی چەکداریدا دەسوڕێنەوە، دۆخی نائەمنی لە هایتی بەردەوام بەرەو خراپتر دەچێت.

 

یونیسێف ڕایگەیاندووە، دەرئەنجامەکانی ئەم هێرشە ئامانجدارانە دەست دەکەن بە پەکخستنی سیستەمی پەروەردەی وڵاتەکە و بێبەشبوونی منداڵان لە خوێندن، لە ئەنجامی ئاگربەردان لە قوتابخانەیەک بووەتە هۆی کوژرانی خوێندکارێک، شانبەشانی ڕفاندنی دوو ئەندامی ستافی قوتابخانەکە.

 

یونیسێف ڕایگەیاندووە، لە شەش ڕۆژی یەکەمی مانگی شوباتدا، پەرەسەندنی توندوتیژی لە ناوچە شارییەکان بووەتە هۆی داخستنی ٣٠ قوتابخانە لە کاتێکدا زیاتر لە چارەکێک لە دامەزراوە پەروەردەییەکان لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا داخراون.

 

کاتێک گروپە چەکدارەکان قوتابخانەکان دەکەنە ئامانج، زۆرجار ئامێری قوتابخانەکان تاڵان دەکەن، لەوانە مێز، کورسی، تەختە، لاپتۆپ، فۆتۆکۆپی، هەروەها کیسی برنج و هەویر و گەنمەشامی کە بۆ ژەمی قوتابخانە بەکارهێنراون، دزراون.

 

منداڵان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە تێکڕایی لە هەفتەیەکدا ڕۆژ و نیوێکی خوێندنیان لەدەستداوە لە نێوان تەقەکردن و تاڵانکردن و ڕفاندنەکاندا کە هەڕەشەی لە ژیانی منداڵان کردووە، لە ئاماری چوار مانگی یەکەمی ساڵی خوێندندا لە مانگی تشرینی یەکەم تا شوبات، بەپێی ڕاپۆرتەکان ٧٢ قوتابخانە کراونەتە ئامانج، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٨ قوتابخانە بوون.

 

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نائارامی کۆمەڵایەتی لە هەفتەکانی ڕابردوودا، زۆرێک لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان بڕیاری داخستنی هۆڵەکانی خوێندنیان داوە بۆ پاراستنی منداڵان لە هێرشە ئەگەرییەکان. لە ٢٦ی کانوونی دووەم، کاتێک ناڕەزایەتی توندوتیژی شەقامەکان لەسەر کوژرانی ١٤ کارمەندی پۆلیس لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبووەوە، خوێندکاران ناچاربوون هۆڵەکانی خوێندن چۆڵ بکەن.

 

سەرباری ڕەوشی مەترسیداری وڵاتەکە، وەزارەتی پەروەردەی هایتی هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە و تا مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ سێ چارەکی قوتابخانەکانی کردەوە، لە کاتێکدا کەمتر لە یەک لە هەر ١٠ قوتابخانەیەک کە لە مانگی تشرینی یەکەم کراوە بوون.

 

لە بەرامبەر بارودۆخی ئێستادا، یونیسێف داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە خۆیان لە هەر کارێک بەدوور بگرن کە مافی منداڵان بۆ خوێندن بخاتە مەترسییەو،. هەروەها سندوقەکە داوای لە حکومەتی هایتی کردووە دڵنیابێت لە سەلامەتی قوتابخانەکان و لێپرسینەوە لەو گروپ و کەسانە بکات کە زیان بە خوێندکاران دەگەیەنن یان هەڕەشە لە ژیانیان دەکەن.

 

نزیکەی ٥٠٠ هەزار منداڵی وڵاتەکە لەم بارودۆخەدا دەژین، ناتوانن لە ڕەوشێکی باشدا بچنە قوتابخانە، ناتوانن لەلایەن دایک و باوکیانەوە هانبدرێن بۆ خوێندن، چونکە دایک و باوکیان ترسیان هەیە لەوەی کە ڕەنگە ڕۆژی دواتر چی ڕووبدات و ژیانی منداڵەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە.

 

نزیکەی ٢٠ هەزار کەس لە دۆخێکی کارەساتبار و هاوشێوەی برسێتیدان لە وڵاتێکدا کە جیهان گرنگی پێنادات، بەرنامەی خۆراکی جیهانی WFP کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا هاوکاری زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی هایتی کردووە، لە ڕاپۆرتەکانیدا ئەوەی دەرخستووە کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانەکەی کە دەکات نزیکەی ٤.٧ ملیۆن کەس ڕووبەڕووی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە دوو هەزار و ١٠٠ حاڵەتی کوشتن و ١٣٠٠ حاڵەتی ڕفاندن تۆمارکراوە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٩ ئەرکێکی سیاسی تایبەتی لە هایتی جێگیر کرد کە بە کورتکراوەی فەرەنسییەکەی BINUH ناسراوە، بۆ ئەوەی لەنێو شتەکانی دیکەدا پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەدا بەدەستبهێنێت.