بۆ داواکردنی مافی کرێکاران ڕێپێوانێک لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو

بەرامبەر ئەو زوڵم و نادادپەروەریەی لە چینی کرێکار دەکرێت ڕێپێوانێکی جەماوەری لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا.

سلێمانی

 

لە سلێمانی ئەمڕۆ بە بۆنەی ١ی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە شاری سلێمانی لە سەهۆڵەکەوە بۆ بەردەم باخی گشتی ڕێپێوانێکی جەماوەری بە بەشداری چالاکوان و ئازادیخواز و چینی کرێکار ئەنجامدرا بۆ داواکردنی مافە خوراوەکانی کرێکاران.

 

ڕێپێوانەکە بە بەرزکردنەوەی پۆستەری ناڕەزایەتی و وتنی دروشمی” ژن، ژیان، ئازادی، کار یان بیمەی بێ کاری بۆ هەموو ئامادە بە کاران” و لەبەرکردنی جلوبەرگی کرێکاران لە لایەن بەشداربووانەوە دەستیپێکرد.

 

سەرگوڵ میرزایی، چالاکوان ئاماژەی بەوەکرد، ”ئێمە بە یەک دەنگ داوای مافی کرێکاران دەکەین، چونکە چینێکی زوڵم لێکراوی کۆمەڵگەن بە تایبەتی ژنان کە بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان و خێزانەکەیان کار دەکەن، حکومەتیش وەک پێویست مافیان پێ نادات، من داوا لە خەڵک دەکەم بێنە سەر شەقام و بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی تا مافی کرێکاران بەدەست دەهێنین".

 

دوای ڕێپێوانەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پۆڵا مەحمود، ئەندامی حزبی شیوعی کوردستان، بەیاننامەی کۆمیتەی ١ی ئایاری خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ١ی ئایار ڕۆژی بەرەنگارییە دژی سیستەمی سەرمایەداری کە شێوازێکی کۆیلایەتی نوێی هێنایە ناو مرۆڤایەتیەوە، ئەم سیستەمەش بۆ کۆی مرۆڤایەتی بووە بە کێشە و ناکۆکی هەیە لەگەڵ بەختەوەری گشتی، هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی وابەستە بەو سیستەمە زوڵمێکی زۆر لە چینی کرێکار دەکات، بۆیە داوا لە یەکسانیخوازان و ستەم لێکراوان دەکەین پێکەوە خەبات بکەین لە پێناو ئەو ژیانەی دەمانەوێت.

 

شەیدا مەعروف، چالاکوان بەیاننامەی کۆمیتەی ١ی ئایاری خوێندەوە و وتی: ئێمە وەکو چالاکوان و ئازادیخوازان داکۆکی دەکەین لە مافی کرێکار، حکومەت مافی کرێکاران نادات، بۆیە ئێمەش هەموو ڕێگەیەکی خەبات دەگرینەبەر، داوای مافی خانەنشینی بۆ کرێکاران، هەروەها داوا دەکەین کە سەندیکاکان بێ لایەنە کار بۆ کرێکاران بکەن، لێپرسینەوە لە خاوەن پڕۆژەکان دەکەین تا چیتر پێشێلکای بەرامبەر مافەکانی کرێکاران ئەنجام نەدەن.