سۆز عەبدولقادر: دۆخی سیاسی ئێستا زەنگێکە بۆ ئەوەی بەئاگا بێینەوە

دۆخی سیاسی باشووری کوردستان بەرەو خراپ بوون دەڕوات و چالاکوانێکیش دەڵێت: ئەم دۆخە هۆکارێکە بۆ ئەوەی تاکەکان بە ئاگا بێنەوە و داوای مافەکانیان بکەن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ناکۆکی سیاسی لە باشووری کوردستان بەردەوامە و ئەمەش دۆخێکی نەخوازراوی دروستکردووە، ئەم دۆخە وای لە گەنجەکان کردووە ئومێدیان بە ژیان و دەسەڵاتیش نەمێنێت، سۆز عەبدولقادر، چالاکوان هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخی سیاسی باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣ دەکات و بۆ باشتربوونی ئەم دۆخە لە ساڵی داهاتوودا بە پێویستی دەزانێت ژنان پێشەنگ بن لە بواری سیاسەتدا.

 

"دۆخی سیاسی باشووری کوردستان ساڵ بە ساڵ بەرەو خراپتر دەڕوات"

سۆز عەبدولقادر ئاماژەی بەوەکرد، هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی دیاریکردنی پلانی داهاتووە و پێویستی بە ئامار و داتا هەیە، بەڵام لە ئێستادا لە باشووری کوردستاندا ئامارێکی ڕاستی وامان لەبەردەستدا نییە و بەبێ داتا هەڵسەنگاندنی سیاسی دەکەین، هەرچەندە هەندێک شت ڕوونە و پێویست بە داتا ناکات، دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی سیاسی لایەنەکانی تری وەکو کۆمەڵایەتی و ئابووری و یاسایی هەڵسەنگێنین، چونکە ئەمانە پێکەوە پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و پلانی داهاتوو دەبێت، لایەنی سیاسی ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاردانەوەی وای هەیە مرۆڤ بێ ئومێد دەکات، لە جیاتی ئەوەی ساڵ بە ساڵ بەرەو پێشەوە بچین لە لایەنی کاری ڕۆژنامەنووسی و بەشداری ژنان لە کار و چالاکییەکاندا، بەڵام بەداخەوە بۆ دواوە دەگەڕێینەوە، تەنانەت لە ڕاپۆرتە نێودەوکەتییەکاندا لایەنی نەرێنی باشووری کوردستان باسکراوە.

 

"ئەم دۆخەی ئێستا گەنجانی بێ ئومێد کردووە"

سۆز عەبدولقادر ڕوونی کردەوە، لایەنی ئابووری و سیاسی تێکهەڵکێشی یەکترن و لەیەک دانەبڕاون، هەروەک دۆخی پەروەردە کە مامۆستایان مافەکانی خۆیانیان پێ نادرێت و ناتوانن گەنجەکان پێ بگەیەنن، بۆیە لایەنی ئابووری کەرتی پەروەردەی پەکخستووە، هەبوونی ئەم ناڕەزایەتیانەش کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەبێت و دۆخی کۆمەڵایەتی بەرەو خراپی دەڕوات و تاکەکانی کۆمەڵگە شەڕەنگێز دەبن، ئەمەش بێ ئومێدییەکی تەواوی دروستکردووە و  وای لە تاکەکان کردووە هیچ ڕووناکیەک لەم دۆخەی ئێستادا نەبینن.

 

وتیشی: ئەم دۆخەی دەسەڵاتی ئێستا دروستی کردووە لایەنە نەرێنیەکەی نەمانی هیوایە لە کۆمەڵگەدا، لایەنە ئەرێنیەکەی ئەوەیە زەنگێکە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە هۆشیار ببێتەوە و مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن، بۆیە ئەم زەنگە نابێت فەرامۆش بکرێت، بۆئەوەی نەهێڵین چیتر ئەو دەسەڵاتە حکوم بکات و تەسلیم بە داهاتووی ئەم دەسەڵاتە نەبین، چونکە وەکو نەتەوەی کورد دەوڵەتە داگیرکەرەکان بەردەوام هەوڵی داگیرکردن و لە ناوبردنمان دەدەن، ئێستا کاتی ئەوەیە تاکەکان بە فکر و ئیرادەی سەربەخۆی خۆیان مافە سەرەتاییەکانیان بەدەستبهێنن.

 

"ژنانی کورد لە بواری سیاسەتدا جێ دەستیان دیارە"

سۆز عەبدولقادر ئەوەشی خستەڕوو، ژنانی کورد لە ئێستادا توانیویانە جێدەستی خۆیان دیاری بکەن، ئەو ژنانەی لە سیاسەتدا بەشداری دەکەن، بەشێکیان لەسەر دۆزەکانی ژن کار دەکەن، بەڵام بەشێکیان بە ئەقڵیەتییەکی پیاوسالارانە کار دەکەن، چونکە لە قسەی کۆمەڵگە دەترسن لەوەی بڵێن ژن کاری پێ ناکرێت، ئێستا ژنانی کورد سەلماندوویانە لە هەر بوارێکدا بن و لە هەر شوێنێک بن دەتوانن سەرکەوتوانە کاری خۆیان بکەن، توانیویانە حکومەتەکان بهێننە لەرزین، بۆیە دەبینین دەوڵەتانی تر سەرەتا دەست دەبەن بۆ تیرۆرکردنی ژنە پێشەنگەکان، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت ژنان زیاتر هەوڵی بەرەوپێشبردنی خۆیان دەدەن.

 

"دۆخی سیاسی باش بە خەباتی ژنان دێتە ئاراوە"

سۆز عەبدولقادر لە کۆتاییدا وتی: ئامانجی لەناوبردنی ژنان ئەوەیە نەتوانن لە سیاسەتدا ببنە خاوەن پێگەی خۆیان و توانای بریاڕدانیان هەبێت، بەڵام ژنان تەنانەت بە تیرۆرکردنیشیان پاشگەز نابنەوە، بۆیە بۆ ئەوەی دۆخێکی سیاسی باش دروست بکەین دەبێت ژنان بە کار و چالاکیەکانیان ئەم دۆخە دروست بکەن، یەکسانی ڕەگەزی بپارێزین و کار بکەین بۆ بەدەستهێنانی مافی هەموو تاکێک و لە پێش هەموو شتێکەوە مافی ئازادی.