لە ڕۆژی جیهانی شانۆدا "ماراساد"نمایشکرا
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی شانۆوە کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆر و شانۆ لەشاری سلێمانی ئەنجامدرا و شانۆکارێکی ژن ئەو بڕە پارەی کە وەک دیاری پێی بەخشرا بەخشییە نەخۆشخانەی هیوا.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕۆشنبیری لە شاری سلێمانی بە بۆنەی ۲۷ی ئادار ڕۆژی جیهانی شانۆ، لە لایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە هاوکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکان شانۆی"ماراساد" نمایشکرا.
مەراسیمەکە بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرا بە هەرسێ هونەرمەندی شانۆکار، د.نیاز لەتیف، سۆزان بابا عەلی، گۆران نامیق.
سۆزان بابا عەلی وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: " لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شانۆ بەرەو نەمان دەچێت، پێویستە لەلایەنی خۆمانەوە هەوڵی چارەسەری ئەو کێشەیە بدەین چیتر چاوەڕێی سیاسیەکان نەبین کە لە بنەڕەتدا لە شانۆ تێناگەن، من خەڵاتەکەم دەبەخشمە هەموو شانۆکاران و ئەو بڕە پارەی بە دیاری بۆم دانراوە دەیبەخشمە نەخۆشخانەی هیوا."
لە درێژەی مەراسیمەکەدا شانۆی "ماراساد" لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی بەتواناوە نمایشکرا کە لە دەرهێنانی سەهەند سەروەر بوو، ناوەڕۆکی شانۆکە باسی لە خراپییەکانی ناو کۆمەڵگەی دەکرد بە تایبەتی لە فەرەنسا پێش شۆڕشی ئازادی.
لە کۆتایدا ڕووبار ئەحمەد شانۆکار، پیرۆزبایی لە هەموو شانۆکاران کرد و وتی:" ئەگەر لە ساڵیکدا تەنها یەک شانۆش بکرێت دیارە کە شانۆ هێشتا گرنگی ماوە، ئەو تەکنیکەی کە ئێستا شانۆی پێ دەکرێت هی ساڵانی حەفتاکانە کە هەر ماوە و ئەمە جێگەی نیگەرانیە، من پێم باشە گەنجەکان بێنە پێشەوە و بەشداربن لە شانۆدا بۆئەوەی ڕۆڵی شانۆ کاڵ نەبێتەوە، هیوادارم حکومەت هاوکاری شانۆکاران بکات و هانیان بدات، چونکە ئێمە برسی شانۆین و پێویستمان بە تازەگەری هەیە."