سەدان کەس لە هیندستان بەهۆی داڕمانی زەوی گیریان خواردووە

لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەهۆی داڕمانی زەویەوە لە هیماچال پرادێش زیاتر لە ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

میدیا ناوخۆییەکانی هیندستان بڵاویانکردەوە، پێنجشەممە بەهۆی داڕمانی زەوی لە ویلایەتی هیماچال پرادێشی هیندستان ڕوویدا چەندین کەس لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.

 

کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان وێنەی چەند بینایەکیان لەسەر گردێک نیشان دا کە بەهۆی داڕمانی زەوییەوە ڕۆچووە و ڕووخاوە، وەزیری ویلایەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر مەترسییەکان دەستنیشانکراوە و دوو ڕۆژ پێش ئێستا بینایەکی بازرگانی چۆڵکردووە.

 

لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەهۆی داڕمانی زەوی لە هیماچال پرادێش زیاتر لە ٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ماڵەکان تەخت بوون و پاس و ئۆتۆمبێلەکان لە لێواری بەردەکاندا گیریان خوارد دوای ئەوەی ڕێگاکان ڕووخاون.

 

بارانبارینی بەخوڕی نائاسایی و توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی کوشندە لە شاخەکانی دراوسێی هیندستان و پاکستان و نیپاڵ، کە بەرپرسانی حکومەت تاڕادەیەکی زۆر هۆکارەکەی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە.