نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسی ژنانی غەززە دەکات

بەهۆی ئەو هەموو پێشێلکاریەی بەرامبەر بە ژنانی غەززە دەکرێت لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی چوار مانگ زیاترە پێکدادانی چەکداریی لەنێوان حەماس و سووپای ئیسرائیلدا درووستبووە، ڕۆژانە ئاماری زیانلێکەوتووان لە زیادبووندایە، بە ڕێژەی زۆریش ژنان و منداڵانن.

 

نووسینگەی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا، نیگەرانی خۆی دەربارەی دۆخی فەڵەستین بەتایبەت ژنانی کەرتی غەززە دەربڕی، ڕوونیکردەوە، ژنان لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕووبەڕووی دەستدرێژی و کوشتن دەبنەوە، هەر بۆیە پێویستە بە زوترین کات لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان بکرێت.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، ژنان و منداڵان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون یاخود بریندارکراون، هەروەها لەوکاتەی ویستوشیانە ناوچەی شەڕ جێبهێڵن دووبارە گولە باران کراون، هەروەها ئەو ژنە فەڵەستینیانەی بە دیل کەوتوونەتە دەستی سووپای ئیسرائیل دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان، یاخود هەڕەشی توندوتیژی سێکسیان لێکراوە، جگە لەوەش وێنەی نەشیاویان گرتوون و بڵاویانکردووەتەوە.