"هێرشکردنە سەر منداڵان تاوانی جەنگە و دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت"

ژنانی عەفرینی کە لە شاری حەلەب دەژین، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەهبا ئیدانە دەکەن و دەڵێن: بە ئامانجگرتنی منداڵان تاوانە و دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

حەسنا محەمەد

 

حەلەب - ڕۆژی ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە تورکیا عەفرینیان داگیر کرد. بە هۆی لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە سەدان هەزار خەڵکی عەفرین ناچار بوون ڕوو لە شەهبا بکەن، لە دوای لەشکرکێشی عەفرینەوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەهبا بەردەوامە و لە ١٨ی ئایاردا دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەکرێگیراوەکانی هێرشیان کردە سەر کانتۆنی شەهبا و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ٣ منداڵ کە لە کێڵگەکاندا کاریان دەکرد بریندار بوون و منداڵێکی دیکەش گیانی لەدەستدا.

 

ژنانی خەڵکی عەفرین کە لە شاری حەلەب دەژین، توڕەیی خۆیان و هەڵوێستی خۆیان لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان دەربڕی و ڕایانگەیاند، "پێویستە دەوڵەتی تورکیا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت".

 

"پێویستە لێپرسینەوە بکرێت"
سەمیرە بەکر، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ستێرک لە شاری حەلەب، ئیدانەی هێرشەکانی کرد و وتی: بە توندی هێرشەکانی داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە شەهبا و بە تایبەتی بە ئامانجکردنی منداڵان شەرمەزار دەکەین، منداڵان لە کێڵگەکاندا کاردەکەن بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان و دەوڵەتی تورکیا بە هێرشەکانی ئەو منداڵانەی لە کێڵگەکاندا کردە ئامانج، ئێمە هەرگیز ئەم هێرشانە قبوڵ ناکەین و داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی منداڵان دەکەین لە بەرامبەر ئەم هێرشە دڕندانە بێدەنگ نەبن و مافی منداڵەکانمان لە بکوژەکان وەربگرن.

 

"بەرخۆدانی گەل سەردەکەوێت"
خەدیجە کۆڕەکجی، بەڕێوەبەری ناوچەی کۆمەڵایەتی حەلەب ئاماژەی بەوەدا کە بەرخۆدانی گەل لە دژی داگیرکاری سەرکەوتوو دەبێت و وتی: هێرشەکانی داگیرکەر بۆ سەر شەهبا بەردەوامە و گەل و بە تایبەتی منداڵان دەکرێنە ئامانج، دوێنێ ٤ منداڵ کرانە ئامانج و یەکێکیان شەهید بوو، ئەم کردەوەیە لە کام یاسا و دەوڵەتدا قبوڵ دەکرێت، داوا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە داگیرکاری، هێرشکردنە سەر منداڵان تاوانی جەنگە و دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.