"داگیرکاران باشووری کوردستانیان کردووە بە مەیدانی تیرۆر کردنی چالاکوانان"

ڕژاک لە بارەی تیرۆر کردنی فەریال سلێمان، ناسراو بە زەلال زاگرۆس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بۆئەوەی گیانی چالاکوانانی سیاسی کورد و ژنان پارێزراو بێت و خاکی هەرێمی کوردستان چی تر نەکەوێتە بەر هێرش و تیرۆر، پێویستە عێراق و هەرێم هەڵوێستیان هەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک دوێنێ ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی فەریال سلێمان خالید، ناسراو بە زەلال زاگرۆس، کە لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکوک لەلایەن دوو ماتۆڕسوارەوە تیرۆر کرا، بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،  "باشووری کوردستان بووەتە مەیدانێکی شەڕ و هێرش و ململانێی سیاسی و شەڕی وڵاتانی تر، بەدەر لەوەش هەوڵی داگیرکاری و قڕکردنی دەدرێت".

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، داگیرکاران باشووری کوردستانیان کردووە بە مەیدانی تیرۆر کردنی چالاکوانان بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لەو تێکۆشانەی کە بۆ کوردان پێویستە، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین مرۆڤی تێکۆشەر لە ژن و لە پیاو لەم خاکی هەرێمی کوردستانەدا تیرۆرکراوە لەلایەن داگیرکاران و جاسوس و سیخوڕەکانەوە، ئەو هێرش و تیرۆرەش کە لەڕۆژی پێنج شەمە ١٨ی ١ی ٢٠٢٤ کە کرایە سەر چالاکوان فیرال سلێمان کە خەڵکی ڕۆژئاڤای کوردستانە پەیامێکە بۆ کورد لە کەرکوکدا، بەردەوامکردنی تێکۆشان بۆ ئازادی بە تیرۆر وەڵام دەدرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کورد نە هێرشی کردووەتە سەر خاکی کەس ونە دەستدرێژیش، سەرەڕای ئەوەی کە لەسەر خاکی کوردان دانیشتوون و داگیریان کردووە، هەمیشەش هەوڵی داگیرکاری و قڕکردنی کوردیان داوە.

 

 کورد لەسەر ماڵ و خاکی خۆی ئاوارە بووە و داگیرکراوە، تەنها لەبەر ئەوەی کە کوردە و نەتەوەی دێرینی میزۆپۆتامیا و چیاکانی کەوانەی زێڕینی زاگرۆسە، کوردان مافی خۆیانە لە هەر بەشێکی کوردستاندا کار و چالاکی سیاسی خۆیان بکەن و سەردانی هەر حیزب و ڕێکخراوێکیش بکەن، چونکە خاکی کوردانە.

 

چالاکوانی سیاسی کورد (فریال سلێمان) کە خەڵکی ڕۆژئاڤای کوردستانە ڕۆژی پێنج شەمە ١٨ی١ی ٢٠٢٤ لە شاری کەرکوک تیرۆر کرا، ئەوەش تیرۆرکردنێکی سیاسییە و لەبەر کوردبوونیەتی، باشووری کوردستان بووەتە مەیدانێکی شەڕ و هێرش و ململانێی سیاسی و شەڕی وڵاتانی تر، بەدەر لەوەش هەوڵی داگیرکاری و قڕکردنی دەدرێت، بە تووندی ئیدانەی ئەو تیرۆرکردن و هێرشانە دەکەین کە دەکرێتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و ڕێگەیان بۆ خۆش دەکرێت، بەداخەوە کە هەڵوێستێکی جێگیر و ڕاستەوخۆ نییە بۆ هەموو هێرش و تیرۆرکردنەکانی سەر ئەم خاکە لەلایەن حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمەوە، وە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە، لێرە و لەوێ لێدوانێکی شەرمنانە دەدرێت ئەوەش هیچ سوودێکی نییە تا ڕێگری بکات لە هێرش و تیرۆرەکان.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، فریال سلێمان سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد بە مەبەستی سەردانی کردنی هەندێک لەڕێکخراوەکانی ژنان و لەناویشیدا ڕێکخراوەکەمان ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بۆ زیاتر ناسینی ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان، وەکو چالاکوانی سیاسی و چالاکوانی بواری ژنان بە ڕۆحێکی نەتەوەیی و ژنانەوە کاری کردووە، ئەو تیرۆرانە ئەوپەڕی ترسنۆکی داگیرکاران و میتی تورکی و جاسوس و لەناویدا (پدک) بوو، کە تێکۆشانی ژنی کورد ئارامی لەبەر بڕیون و دەیانەوێت ژنان، تەنها بووکەڵە و نمایش کاری جلوبەرگ و جەستە بێت نەک هۆشیار و تێکۆشەر، بۆئەوەی گیانی چالاکوانانی سیاسی کورد و چالاکوانانی ژنان پارێزراو بێت و خاکی هەرێمی کوردستان چی تر نەکەوێتە بەر هێرش و تیرۆر، پێویستە کۆماری عێراقی فیدراڵ و هەرێمیش هەڵوێستی زۆر جددییان هەبێت، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانان ڕاستەوخۆ هەڵوێستیان هەبێت و خۆیان بسەلمێنن، چونکە هەرێم پارێزراو نەبێت بۆ هیچ کەس پارێزراو نابێت و داگیرکاران هێرشەکانیان بەردەوام دەکەن.

جەختیان لەوە کردووەتەوە و داوا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن بە هەموو چین وتوێژەکانەوە، ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە بکەن بۆسەر ژنێکی چالاکی کورد لە کەرکوک، چونکە هەر هێرش و تیرۆرێک بکرێتە سەر هەر کوردێک یان چالاکوانێک هێرشە بۆ سەر تەواوی کورد، هێرشە بۆ سەر ژنانی کورد، نەفرەت لە تیرۆر و داگیرکاری، نەمری بۆ ژنانی گیان بەختکردوو ژنانی تیرۆرکراو ڕۆشناین بۆ تێکۆشانی ئازادی ژن ژیان ئازادی.