فەرەنسا، ڕزگارکردنی شەش ژنی کۆچبەری ڤێتنامی و عێراقی لە ناو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری

دوای مانەوەیان لە بارهەڵگرێکی ساردکەرەوەدا بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێر، شەش ژنی کۆچبەری ڤێتنامی و عێراقی توانیان بە ناردنی نامەی کورت بۆ دوو پەیامنێری میدیایی، خۆیان ڕزگار بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای گەڕانێکی ١٠ کاتژمێری، پۆلیسی فەرەنسا بارهەڵگرێکی ساردکەرەوەی ڕاگرت کە چوار ژنی ڤێتنامی و دوو ژنی عێراقی تێیدا بوون و بە هیوای چوون بۆ بەریتانیا سواری بارهەڵگرێکی ساردکەرەوەی پڕ لە مۆز بوون.

 

ئەو شەش ژنە کۆچبەرە کە زیاتر لە ١٠ کاتژمێریان لە شوێنێکی تەنگ و پڕ لە سندوقی مۆز لە پشتی بارهەڵگرێکی ساردکەرەوەدا بەسەر بردبوو، توانیان بە ناردنی نامەی کورت بۆ پەیامنێرانی بی بی سی وۆرلد و ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی خۆیان دەرباز بکەن.

 

ئەم ڕووداوە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ئەیلوول لە فەرەنسا ڕوویدا و ئەم شەش ژنە کۆچبەرە، کە بە هیوای ئەوە بوون بە بارهەڵگرێکەوە بچنە بەریتانیا "تابلۆی ئۆتۆمبێلەکە هی بەریتانیا بووە"، کاتێک تێگەیشتن کە بارهەڵگرەکە دەجووڵێت بە ئاراستەی پێچەوانە، دەستیانکرد بە دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ ڕزگارکردنی خۆیان.

 

ئەوان هەوڵیان دەدا ڕێگەیەکی دەربازبوون بدۆزنەوە، لە کاتێکدا پلەی گەرمی ژوورە بچووکەکەی بارهەڵگرە ساردکەرەوەکە کەم بووەوە، لە کۆتاییدا یەکێک لە ژنە ڤێتنامییەکان توانی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە پەیامنێرانی بەشی ڤێتنام لە بی بی سی وۆرلد لە لەندەن بکات و نامەیەکی کورت بۆ "خۆ بیلۆ" بنێرێت.

 

لێتیتا فرانکارت، داواکاری گشتی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، شۆفێری بارهەڵگرەکە کە لە ڕاستیدا گەشتی ئیتاڵیا بووە، هیچ ئاگادارییەکی نەبووە لە بوونی ژن لەناو بارهەڵگرەکەیدا و ئەم ژنانەش ڕایانگەیاندووە کە بە نهێنی چوونەتە ناو بارهەڵگرەکەوە و شۆفێرەکەش بێ ئاگا بووە، لەبەر ئەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکە هی ئێرلەندا بووە، ئەم ژنانە پێیانوابوو دەچێتە ئێرلەندا یان بەریتانیا.

 

داواکاری گشتی ڕایگەیاند کە چوار کەسیان ٣٠ ڕۆژ مۆڵەتیان پێدراوە بۆ ئەوەی فەڕەنسا بەجێبهێڵن و دوو ژنەکەی تریش ڕێگەیان پێدراوە لەو وڵاتە بمێننەوە بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەری بکەن.