ژنانی خۆپیشاندەران داوای ئازادی و مافە ڕەواکانیان دەکەن

ژنانی سوەیدا دووپاتیان کردەوە کە چوونەتە گۆڕەپانی کەرامە بۆ داوای مافە ڕەواکانیان، جەختیان لەسەر پێویستیی وەستانی ژنانی سووریا لەگەڵیاندا کردەوە بۆ گەیشتن بە داخوازییەکانیان.

ڕۆشێل جونیۆر

 

سوەیدا- دوێنێ خەڵکی شاری سوەیدا لە گۆڕەپانی کەرامە کۆبوونەوە بۆ درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکانیان، کە ماگی دوو مانگە بەردەوامە و جەخت لەسەر داواکارییەکانیان بۆ گۆڕانکاری سیاسی و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک چارەسەرێک بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریا دەکەنەوە.

 

سەلوە تەویل، مامۆستای زمانی ئینگلیزی وتی: ئەوەی وای لێکردم بچمە ناو ناڕەزایەتییەکانەوە، ئەو نادادپەروەری و زوڵمەیە کە لێمان دەکرێت، هەر کەسێک بیەوێت بە کەرامەت و ئازادییەوە بژی، دەبێت بەشداری ناڕەزایەتییەکان بکات، ئێمە دەمانەوێت بە کەرامەت و ئازادییەوە بژین و بڕیارنامەی ٢٢٥٤ جێبەجێ بکەین.

 

دالیا ئەبو فەخر خۆپیشاندەرێکە و ڕایگەیاند، بۆ داوای مافەکانی خۆی و هەمووان هاتووەتە سەر شەقام و بە پێویستی دەزانێت، هەموو ژنان بچنە گۆڕەپانی کەرامەوە بۆ ئەوەی داوای مافەکانیان بکەن، چونکە ئەگەر خۆمان داوای مافەکانمان نەکەین کەس پێمان نابەخشێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارنامەی ٢٢٥٤ دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئازادی و داواکارییەکانمان، ئێمە لە ئەنجامی ئەو نادادپەروەری و گۆشەگیرییەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنین لە شەقامین و هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی نییە، ئێمە داوای مافی ڕەوا دەکەین و نامانەوێت دەستوەردان لە وڵاتانی دەرەکی هەبێت، داوا دەکەین ژنانی سووریا لەگەڵمان بوەستنەوە و ئەمەش دەمانگەیەنێت بە داواکارییەکانمان.